کوژران و بریندار بوونی دوو برا لەکاتی کۆڵبەری

KMMK:

شەممە 10ی گەڵاڕێزانی 2720ی کوردی، کۆڵبەرێک بەناوی موحسین( موسلیم) قاسمی، 24 ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی کوڕان سەر بە شاری ورمێ بە هۆی تەقەی هێزە سەربازیەکانی تورکیا گیانی لەدەست داوە و کۆڵبەرێکی تر بەناوی « موسلێح قاسمی» 21 ساڵە بە توندی بریندار بووە.

بە پێی راپۆرتەکە: هێزە سەربازیەکانی تورکیا بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێش وەخت، ئەم دوو کۆڵبەرەیان کردووەتە ئامانج و موسلێح قاسمی بەوهۆیەوە بریندار دەکرێت و ئێستا لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای حەکاری « جۆلەمێرگ» لە باکووری کوردستان لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە.

بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵی زاینیەوە تا ئێستا 60 کۆڵبەر و کاسبکار لەلایەن هێزە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا لە سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باکووری و باشووری کوردستان کوژراون و 155 کۆڵبەری دیکەیش بریندار کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان