لۆڕستان: هەبوونی حەب ئەمجارە لە بیسکێت(هندۆک) دڵڕاوکەی لە نێو خەڵک نایەوە

KMMK:

هەبوونی حەبی گوماناوی لە بیسکێت(هندۆک)ی ساقە تەڵایی لە فرۆشگەکانی شاری “ئەلەشتەر”ی پارێزگای لۆڕستان دڵەڕاوکێ و پەڕۆشی لە نێو خەڵکی ئەم پارێزگایە هەڵگیرساند.

بە گوێرەی ئەو هەواڵەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، یەکێک لە هاوڵاتیانی ئەلەشتەر لە گەڵ دیتنی حەب لە بیسکێتی ساقە تەڵایی خێرا بابەتەکە لە پێگەیەنەرە خۆجێییەکان مێدیایی کردەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و پاش مێدیایی بوونی بابەتی هەبوونی حەب لە بیسکێت، بەرپرسی دەستنیشانکروی ناوەندی بێهداشتی شاری ئەلەشتەر ڕایگەیاند: ئەو حەبانەی بینراون بۆ تاقیگەی ئەم ناوەندە دەبرێن تاقی دەکرێنەوە.

شیاوی باسە کە هەبوونی حەبی گوماناوی لە بیسکێتە ساقە تەڵاییەکان شەپۆلێکی دڵەڕاوکێی لە ئاستی شارەکە وەگەڕ خستووە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە چەندد مانگی بەرێ ـیش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان هەبوونی حەبگەلێکی هاوشێوە لە کێکی خواردن دەرکەوت و کەشێکی دڵەڕاوکێی لە نێوان هاوڵاتیانی ئەم بەشەی کوردستان هێنابوویە ئاراوە.

چاوەدێری نەکردنی وردی ڕێکخراوە بێهداشتییەکان و کۆنتڕۆڵی چۆنییەتی و کوالێتی، هەروەها ڕانت خۆری و کەلتووری بەرتیل خۆری لە سیستەمی ئیداری دام و دەزگا حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەتی لە بڕگەگەلێکی زەمەنی لەم چەشنە هۆکاری دڵەڕاوکێ و سەپاندنی خەسارگەی مادی و تەندرووستی لە سەر هاوڵاتیان ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان