درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنیەکان بۆ سەر شاکیر بێهروز، دۆسیەیەکی نوێ بۆ ناوبراو ساز کراوە

KMMK:
شەممە 3ی گەڵاڕێزانی 2720ی کوردی، شاکیر بێهروز، بەندکراوی سیاسی سزادراو بە سێدارە بۆ بەشی یەکی دادگەی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بانگهێشت کرا.
ناوەندە ئەمنیەکانی ئێران لە دۆسیەیەکی نوێدا ئەم بەندکراوە تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران.
شاکیر بێهرۆز، کوڕی سەلیم، 32 ساڵان زگورد و خەڵکی ناوچەی دیزجی ورمێیە.
بە پێی راپورتی گەیشتوو: دانیشتنی دادگەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەت و دۆسیەی سازکردنی نوێ، 27ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە ژوری یەکی دادگەی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بەڕێوە دەچێت.
شاکیر بێهروز لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بە یاغی بوون لە رێگای ئەندام بوون لە یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی دژبەری کۆماری ئێران( کۆمەڵە) و کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران تۆمەتبار کراوە.
شایانی باسە کە دۆسیەی شاکیر بێهروز لە کاتی لێپرسینەوە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە حزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە رۆیشتوە، بەڵام لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ رەهەندی دوسیەکە گۆڕا و ناوبراو بە یاغی بوون و ئەندام بون لە کۆمەڵە و کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران تۆمەتبار کراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بنەماڵەی کوژراوەکە رایانگەیاندوە لە دژی بێهرۆز سکاڵایان نییە و ناوبراو بە بکوژ نازانن و تەنانەت رایانگەیاندوە لەسەر ئەم بابەتە لە دادگە شاهێدی دەدەن.
لەلایەکی ترەوە دەیان شاهید هەن و ئامادەیان دەربڕیوە گەواهی بدەن کە لە کاتی تاوانەکە، بێهروز لە دوکانی خۆی بوە و لە شوێنی رودانی تاوانەکە نەبووە.
بە پێی راپۆرتگەلی بڵاو کراوە، شەهادەتنامەی ئەم کەسانە لەلایەن پارێزەرەکەیەوە دراوەتە دادگە و رایانگەیاندوە ئامادەن لەدادگە سوێند بخۆن کە بێهروز لە کاتی رودانی تاوانەکە لە دوکان بوە، بەڵام دادگە بە بێ ئامادەبونی سکاڵاکەران و ئەو دە کەسەی تر ناوبراوی سزا داوە.
شاکیر بێهروز لە گرتوخانەی ئیتلاعاتی سپا لەژێر لێپێچینەوەدایە و لەدۆخێکی نالەباردایە.
هێزە ئەمنیەتیەکان بە مەبەستی ناچارکردنی ناوبراو بە دانپێدانان بە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران، ناوبراویان خستوەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە.
ناوبراو خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن بەشی 2ی دادگەی ئینقیلابی حکومەتی ئێران لە شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر « عەلی شێخ لوو» بە تۆمەتی یاغیگەری لە رێگای ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان