شـنۆ: گواستنەوەی سێ زیندانی بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە نەغەدە

KMMK:

هەینی 2ی خەزەڵوەری 2720ی کوردی، سێ زیندانی خەڵکی شــنۆ بە ناوەکانی” غەفوور بەرهەم، یەعقووب زەردشوانە و سەید وەهاب عەلیزادە” بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە نەغەده گوازرانەوە.

ئەم زیندانیانه پێشووتر لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری شــنۆ لە کاتی تێپەڕاندنی خولی مەحکووم کردندابوونی خۆیان بوون.

یەعقووب زەردشوانە ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی لایەنگریی حیزبێکی کوردستانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بە 3 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و پاشان بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ زیندانی حکوومەت لە شاری شــنۆ ڕاگوازرابوو.

یەکشەممە 9ی پووشپەڕی 2719ی کوردی، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری شــنۆ  ” وەهاب عەلیزادە”ی بە تۆمەتی هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئوپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کردبوو، پاش کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوە بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامەتی حیزبێکی کوردستانی لە دادگای کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ بە 3 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

غەفوور بەرهەم پێشتر لە پووشپەڕی 2717ی کوردی، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەی لە ڕێی گردبوونەوە و هوڵی دژ بە ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران و هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەکی نایاسایی و هاتووچۆی نایاسایی لە سنوور، وێڕایی نەبوونی پارێزەر لە لایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شــنۆ بە 11ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا، کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی حکوومەت لە ورمێ وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ناوبراو ڕێکەوتی یەکی گوڵانی ئەمساڵ دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە شــنۆ ڕاگوازرابوو.

شیاوی باسه کە ئەم کەسانە بە بێ ئاگاداری پێشووتر لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شــنۆ بۆ زیندانی ئەم حکوومەتە لە نەغەدە ڕاگوازراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان