KMMK:
ڕۆژی سێشەممە 15ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، ژنێکی 22 ساڵ تەمەن بە ناونیشانی حەیات ئەمینی کچی بیوک خان ئەمینی خەڵکی گوندی “خۆشوڵان”ی ناوچەی سۆمای برادۆست(سرو) لە لایەن هاوژینەکەیەوە هێرش کرایە سەری و گیانی لە دەست دا.
بە گوێرەی هەواڵەکە ناوبراو لە گەڵ هاوژینی تووشی دەمەقاڵە و کێشمەکێشم دەبێ و هاوژینەکەی سەهۆڵدان ( یخچاڵ) دەخات بە سەریدا و تووشی زەبری مێشک دەبێ و گیانی لە دەست دەدات.
شیاوی باسە لە ئێران و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی نەبوون سیستەمێکی بەرگری لە مافی ژنان، باڵا بوونی سیستەمی پیاوسالاری و داب و نەریتی دەرهاویشتەی ئاینیی وای کردووە کوشتن و لە ناوبردنی ژنان و کچان لەو ڕووداوانەیە کە هیچ چەشنە بەدواداچوونێکی بۆ ناکرێ و سەرپۆشی بەسەردا دادەنرێ تا ئاستێ کە تەنانەت باوک و دایک و کەسوکاری کوژراوەکەیش لە ترسی تۆمەتی بە ناو نامووسی نایانهەوێ پرسەکە بەرجەستە بکەنەوە و ڕۆژانە حاڵەتی دزێوی کوشتنی ژنان و کچان دێتە ئاراوە و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی گەڵاڵە داڕێژی هەم ئەو حاڵەتانەیە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم حاڵەتەوە 29 ژن و کچ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان کوژراون یان خۆیان کوشتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان