ورمێ: مردنی ژنێک بەهۆی ئاگرتێبەردانی لە لایەن هاوژینەکەیەوە

KMMK:

شەممە 29ی خەرمانانی 2720ی کوردی، ” مریەم ئەتمانی” هاوڵاتی خەڵکی ورمێ بە هۆی ئەو زامانەی لە ڕێی سووتمانەووە تووشی ببوو گیانی لە دەست دا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: ئەم ژنە گەنجە لە لایەن هاوژینەکەیەوە ئاگری تێبەردراوە.

پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە قووڵی ئەو سووتمانەی بەو هۆیەوە کەوتبوویە جەستەی بوو بە هۆی گیان لە دەستدانی.( پزیشکەکان ئاستی سووتمانەکەیان تا90 لە سەت مەزەندە کردووە).

مریەم ئەتمانی دایکی دوو منداڵبووە و سەرچاوە هەواڵییەکان هۆکاری ئەم ڕووداوەیان کێشەی خاوخێزی ڕاگەیاندووە.

هەنووکە هاوژینی ناوبراو هەڵهاتووە و بێسەرو شوێنە.شیاوی باسە کە کێشەی خاوخێزی و گرفتی کۆمەڵایەتی و کەلتووری پیاوسالاری کۆمەڵگا، زۆرترین خەساری خستۆتە سەر ژنان تا ئەو جێگەی ژنان ناتوانن ئەو شێوەی کە شیاوی ژیانێکی بە ڕوومەتە لە کۆمەڵگا دابینی بکەن و ترس لە دەسەڵاتدارێتی پێاوسالارانە کە لە لایەن حکوومەتەوە برەوی پێ دەدرێ، هۆکاری لێکترازانی جومگە بنچینەییەکانی کۆمەڵگا کە ژنانن و زۆرترین ڕۆڵیان تێدایە، بووە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان26 ژن یان دەستیان داوەتە خۆکوژی یان کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان