ورمێ: حوکمی بڕینی چوار قامکی سێ زیندانی تاوانبار بە دزی پەسەند کــرا

KMMK:

حوکمی ” بڕینی چوار قامکی دەستی ڕاستی” سێ زیندانی تاوانبار بە دزی لە زیندانی ورمێ بە ناوەکانی” هادی ڕۆستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند” لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پەسەند و بۆ جێبەجێکردن بە نووسینگەی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادگوستەری حکوومەتی ئێران لە ورمێ نێردرا.

21ی خەرمانانی ئەمساڵ حوکمی بڕینی چوار قامکی دەستی ڕاستی ئەم سێ زیندانییە دیسانەوە لە لقی 13ی دیوانی باڵای وڵات پەسەند و بە مەحکووم کراوان لە زیندانی حکوومەت لە ورمێ ڕاگەیەندرا.

ناوبراوان لە دۆسیەیەکی هاوبەش لە ڕێکەوتی 28ی خەزەڵوەری 2719ی کوردی، بە پێی مادەی 278ی یاسای سزا ئیسلامییەکان” لە بریتی چوار جار دزی کردن، بە بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاست و بە پێی مادەی 667ی هەمان یاسا بە “رد عین” (گەڕانەوەی ئەو دزراوانە وەکوو خۆی) مەحکووم کرابوون.

بە گوێرەی هەواڵەکە: یەکێک لەم زیندانیانە لە ناڕەزایەتی دژ بەم حوکمە دەستی داوەتە خۆکوژی کردووە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە بەڵام دۆخی تەندرووستی ناوبراو ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

وەک دەڵێن: لە حوکمێکی هاوشێوەی دیکەدا کە پێشتر بۆ هاوڵاتیێەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی ” کەسرا کەرەمی”یش بڕدرابوویەوە لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند و حوکمەکە پاش ڕاگەیاندن بۆ جێبەجێکردن نێردرا بۆ نووسینگەی جێبەجێکاری حوکمەکان لە دادگوستەری حکوومەت لە ورمێ.

ناوبراوان ڕایان گەیاندووە کە؛ لە کاتی دەستبەسەری لە ڕێی ئەشکەنجەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێیان کردوون.سزاگەلێکی وەکوو بەردباران، بڕینەوەی ئەندامەکانی لەش و فەلاقە، کە مافناسەکان ئەو سزایانە بە پێوەری تەمبێ نامرۆڤییەکان وپێچەوانەی کەلتووری قەزایی جیهان دەزانن، لەیاسای کۆماری ئیسلامی ئێران بوونیان هەیە و بە زۆری جێبەجێ دەکرێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان