مەهاباد: هاوڵاتییەکی دیکە دەستبەسەر کرا

KMMK:

پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ۲۷۲۰ی کوردی، هاوڵاتییەکی دیکە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا. ڕێبوار پادەست نیشتەجێ لە «گوێگ تەپە»ی مەهاباد ئەو هاوڵاتیەیە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران بەبێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش دەسبەسەرکردنی، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.

جێی ئاماژەیە کە: لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و دوابەدوای دەستبەسەر کرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.‌

ئەوە لە کاتێکدایە کە چوارشەممە ۱۱ پووشپەڕ، هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران سێ هاوڵاتی لەشاری مەهاباد بە ناوەکانی سۆران مووختاری فەر، سۆران نەسیری و ئومێد عەباسی یان دەستبەسەر کردبوو. ئەو سێ هاووەڵاتیەش لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند هەڵمەت و کاتی جیاواز و هەروەها لە چەند شوێنی جیاواز دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان