پێشگرتن لە هێرشی سپای دەوڵەتی تورکیە دەبێت حکوومەتی رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی بناسرێت

KMMK:

حکوومەتی تورکـیا جارێکی تر بە بۆردمانی گوندەکانی دەورووبەری کۆبانی لە ڕۆژاوا دەستی داوەتە کوشوبڕی کوردەکان و لە ئەنجامی ئەم بۆردمانە ئاسماییەی تورکیا سێ ژن گیانیان لە دەست دا.

مەزڵووم عەبد لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە ڕاگەیەندراوێــکدا لەم بارەوە ڕایـگەیاندووە که حکوومەتی تورکیا پاش داگیرکردنی عەفرین، سریکانی و گرێسپی، گرانتر لە ڕابردوو درێژە بە هێرش و داگیرکاری خۆی لە گەڵ ڕۆژاوای کوردستان داوە.

ئەم بەرپرسە سیاسییەی ڕۆژاوای کوردستان لە درێژەدا دەڵێ کە پاش ڕێکەوتنەکانی ١٧ و ٢٢ی ئۆکتۆبەر کە دەوڵەتی ئەمریکا و ڕووسیا هێناویانە بەرباس، حکوومەتی تورکیا چەندد جاری دیکە ناوچەکانی دیکەی کردۆتە ئامانج و تا ئێستە چەندد جار یاسا نێودوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و دەستی داوەتە کوشتووبڕی گەلی کورد. درێژەپێدانی ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ڕووسیا بەڵێنیان داوە کە ئاشتی و سەقامگیری لەم ناوچە بپارێزن و ڕێگری بکەن له هەوڵە دژە مرۆییەکانی حکوومەتی تورکیا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەمریکا و ڕووسیا دەکات، بە پێی یاسا فەرمییەکانی جیهان گوشار بخەنە سەر تورکیا بکشێتەوە لە ناوچە داگیرکراوەکان و هەوڵە دەست درێژیکارانەکانیانەو ڕابوەستێنن و ڕێگری بکەن لە پێشێلکاری و هەوڵی دژە مرۆیی و سڕینەوەی گەلی کورد. بە فەرمی ناسینی حکوومەتی ڕۆژاوا( لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا) تەنیا ڕێگەچارەی ڕاوەستانی شەڕ وپاراستن و گەشەی ئاشتی لە ناوچەکەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان