هێرشی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هێرشی هاوبەشی حکوومەتەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانە و مەحکووم دەکات و ئەم هێرشانە بە درێژەپێدەری سیاسەتی فاشیستی و دژە مرۆیی ئەم حکوومەتانە دژ بە گەلی کوردستان دەزانین.
لە ماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیا چەندد جار ناوچەگەلێکی لە حکوومەتی باشووری کوردستان کردۆتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و ژیانی ئاسایی خەڵکی تێکداوە، هاوکات حکوومەتی ئێران هێرشی تۆپخانەیی دژ بە ناوچەی سنووری هەرێمی کوردستان بە ئەنجام گەیاندووە و خەساری زۆری بە دارستانەکانی ئەم ناوچانە گەیاندووە.
هێرشەکانی ئەم دوو حکوومەتە دژ بە هەرێمی کوردستان پێشێل کردنی ئاشکرایی دەسەڵات و سەروەری نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراقە و لە گەڵ هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان دژایەتی هەیە.

پێویستە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگری بکەن لە هێرشە دژە مرۆیی ئەم دوو حکوومەتە و دژ بە سیاسەتە دژە مرۆیی و فاشیستییەکانی ئەم دوو حکوومەتە وە دەنگ بێن.
بێ هەڵوێستی و نیشان نەدانی دژایەتی پێویست لە لایەن ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتیانە و وڵاتە بەرپرسیارەکان لە پانتای سیاسەت و ئەمنییەتی جیهانی بە واتای پەسەند کردنی سیاسەتە دژە مرۆییەکان، کوشتوبڕ و سڕینەوەی گەلی کورد لایەن حکوومەتەکانی ئێران و تورکیاوەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای مەحکووم و ئیدانە کردنی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، بە دەسپێشخەری خێرای خۆیان ڕێگری لە کوشتوبڕی زێدەتری گەلی کوردستان لە لایەن ئێران و تورکیاوە بگرا. هاوکاە داوا لە ڕێکخراو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بە هاودڵی و یەکگرتوویی و سیاسەتی هاوبەش دژ بە داگیرکاری حکوومەتەکانی ئێران و تورکیا کردەوە نیشان بدەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان