بێبەری کردنی زیندانییەکی کوردی دوور خراوە لە مەرەخەسی

KMMK:

هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەریوان بە ناوی ” تەحسین پیروزی” کە لە زیندانی بەندەرعەباس خولی زیندانیێەکەی تێدەپەڕێنێ لە هەبوونی مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

ناوبراو له ماوەی پتر لەو دوو ساڵەی کە لە زینداندا بووە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی مەرەخەسی پێ نەدراوە. تەحسین پیروزی کاتێک کە سەربازی بنکەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گوندی” سەردووش”ی سەر بە مەریوان بوو، دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە مەریوان ڕاگواسترا و لەهەمبەر تۆمەتی هاریکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی دەسەڵات لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی لە سەر جێبەجێ کرا.

ناوبراو پاش تەواوبوونی خولی لێپرسینەوە لە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧١٨ی کوردی، لە لایەن دادگای چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سـنە هەر بەو تۆمەتە بە ١۵ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە لە زێدی خۆی مەحکوومکرا. شیاوی باسە کە: ئەم هاوڵاتییە مەریوانییە پاش ڕێوڕەسمی دادگایی کردن بۆ زیندانی حکوومەت لە بەندەرعەباس گوازرایەوە و لەو کاتەوە لە هەبوونی مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان