ماکۆ: کوژران و برینداربوونی لانیکەم چوار کۆڵبەر لە لایەن هێزە سنوورییەکانی تورکیاوە

KMMK:

ڕۆژی پێنجشەممە یەکی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی دێم قشڵاخی سەر بە شاری ماکۆ بە ناوی” قادر یادسارە” کوڕی یووسف لە لایەن هێزەکانی سنوورییەوە کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: کۆڵبەری ناوبراو خێزاندار و ٢١ ساڵ تەمەن، هاوڕێ لە گەڵ کاروانێکی کۆڵبەران لە ناوچەی سنووری لە ڕۆیشتندا بوون کە لە لایەن هێزە سنوورییەکانی تورکیا هێرش کرایه سەریان و تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا ئەم کۆڵبەرە کوژرا و سێ کۆڵبەری دیکە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە بریندار بوون.

جێگای ئاماژیە: چەکدارە سنوورییەکانی دەوڵەتی تورکیە هەموو ئەسپەکانی ئەم کۆڵبەرانەشیان بە دەسڕێژی فیشەک کوشت.

شیاوی باسە کە: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری هەژاری و بێکاری و نەبوونی هەلی کار لە ڕووی ناچارییەوە ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە کە لەم ڕێگەدا ڕۆژانە لە لایەن هێزە سنوورییەکانی تورکیا یان ئێران دەکوژرێن و کەلوپەلەکەشیان دەستی بە سەردا دەگیردرێ.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ باکوور و باشووری کوردستان بە هۆی تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران و تورکیا و هەروەها نوقم بوون لە ئاو، کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکان، تەقینەوەی مین و… ۵٣ کۆڵبەر بریندار زوون و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ٢٠ کۆڵبەریش گیانیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان