کرماشان: مردنی ژنێک بەهۆی لێدانی هێزەکانی شارەوانی لە ناڕەزایەتی دژ بە ڕووخاندنی ماڵەکەی

KMMK:

سێشەممە ٣٠ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، ژنێکی ۵۵ ساڵ تەمەن بە ناوی ئاسییە، خەڵکی کرماشان و دایکی ٧ منداڵ کە دژ بە ڕووخاندنی ماڵەکەی لە لایەن هێزەکانی شارەوانییەوە ناڕەزایەتی نیشان دابوو، کەوتە بەر لێدانی ئەم هێزانە و گیانی لە دەست دا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: هێزەکانی شارەوانی لە بەرانبەر ناڕەزایی نیشاندانی ئاسییە دژ بە وێران کردنی ماڵەکەی لە پێش چاوی دراوسێکان تا ئاستێک دڕندانە هەڵیان کوتاوەتە سەری کە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ساڵەو بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی ساز کردنی ماڵ، ماڵی زۆرینەی هاوڵاتیان دەڕووخێنن.
ئەم ماڵانەبە زۆری ماڵ و ژیانی کەسانی توێژی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگایە و ئەمە لە کاتێکدایه کە بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی حکوومەتی، بۆ هەزاران هێکتار لە زەوی و زاری شاری و کشتووکاڵی تاپۆ ساز دەکەن و دەستی بە سەردا دەگرن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان