مەترسی ئێعدامی زیندانییەکی کورد لە ورمێ

KMMK:

لە لایەن دادسەرای نیزامی حکوومەتەوە لە ورمێ هەواڵێک سەبارەت بە ئەگەری ئێعدامی زیندانییەکی سیاسی کورد بە ناوی ” ئەرسەلان خودکام ” ۵٠ ساڵ تەمەن و خەڵکی مەهاباد و بەندکراو لە زیندانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بە تۆمەتی ” هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێی سیخوڕی کردن بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان” پاش کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان ڕاگەیەندراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە پێوەندییەکی تلەفوونیدا لە کە گەڵ بەڕێز ” مەنسوور سوهرابی” یەکێک لە خزمەکانی ئەرسەلان خودکام گرتوویە، ناوبراو پشتڕاستی کردەوە کە بە شێوەی زارەکی پێیان ڕاگەیەندراوە حوکمی ئێعدام لە لایەن دادسەرای نیزامی حکوومەت لە ورمێ پەسند کراوە.

بەڕێز سوهرابی کوتی: لە لایەن دادسەرای نیزامی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ بنەماڵەی خودکام پێوەندیان گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون حوکمی ئێعدامی ناوبراو کە سێ جار لە دادگای پێداچوونەوە و دیوانی باڵای حکوومەتی ئێران پەسند کرابوو پاش مانگی ڕەمەزان جێبەجێ دەکرێ. هەروەها لە درێژەدا کوتی؛ دادسەرای نیزامی بەم بنەماڵەی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی دەستێوەردان و گوشاری ئیتلاعاتی سپا لە سەر هەرچی خێراتر جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە، ئەگەری ڕاگرتنی حوکمەکە و وەدواخستنی لە ئارادا نییە.

ئەرسەلان خودکام پێشتر ئەندامی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان بووە کە پاش ماوەیەک بۆ ئێران گەڕاوەتەوە و لە ساڵی ٢٧٠٢ی کوردییەوە بووە بە ئەندامی سپای پاسداران. ناوبراو لە ١٣ی گوڵانی ٢٧١٨ی کوردی لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرکێکدا لە مەهابادەوە بۆ شنۆ چووە کە لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاش گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە مەهاباد ٣۶ ڕۆژ لێپێچینەوە و ئەشکەنجە بۆ بەندی زیندانیانی چەکداری زیندانی حکوومەت لە ورمێ و لە ڕێکەوتی یەکی ڕەزبەری ئەو ساڵە بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی دەگوازرێتەوە.

ناوبراو سەرەتا لە لایەن لقی یەکی دادسەرای چەکداری لە ورمێ دادگایی و دە ساڵ زیندانی بە سەردا دەسەپێنرێ. ئەم حوکمە دەکەوێتە بەر ناڕەزایەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و لە لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵاتی ئێران، بەڕێز خودکام بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێی سیخوڕی بە ئێعدام مەحکووم دەکرێ کە ئەم حوکمە چەندد جار لە لایەن بنەماڵەی ناوبراو ناڕەزایەتی و سکاڵای لە سەر تۆمار دەکرێت بەڵام سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر جارەو ئەو حوکمەی پەسند کردووە و ڕۆژی شەممە ١۶ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، بە شێوەی زارەکی ڕاگەیەندرا کە لە کۆتایی مانگی ڕەمەزان جێبەجێ دەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕادەگەیەنێت: بە پێی کونوانسیۆنەکانی جیهانی مافی مرۆڤ، سەپاندن و جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ئەرسەلان خودکام نادادوەرانە و دەسدرێژکارانەیە و حوکمی ئێعدام و زیندانی دەمدرێژ و ئەشکەنجە بەرچاوەکان لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سەر زیندانیان تاقی دەکرێنەوە پێشێلکاری ئاشکرای مافی هاوڵاتی بوون و مافی مرۆییە و داوا لە کۆمەڵگای جیهانی و دامەزراەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێخراوی لێبوردەی نێودەوڵەتی دەکات کە لە هەمبەر ئەم کردەوە دەسدرێژی کارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسپێشخەری بە پەلە و ئاشکرا وەگەڕ بخەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان