دواین زانیاریەکان سەبارەت بە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان

KMMK:

بە پێی دوایین ئامارەکان بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و سەرەڕای بەرزبوونەوەی گەرمی کەش و هەوا و هەوڵی چالاکانی کۆمەڵایەتی و خۆپاراستنی خەڵک لە ژێر کاریگەری کەمتەرخەمی حکومەتی ئێران ئەگەری بڵا بوونەوەی دووبارە و تەنانەت سئ بارەی ئەم ڤایرۆسە زۆرە و تەنانەت بڕێک لە بەرپرسان و هەواڵنێریە حکومیەکان ئەوەیان راگەیاندووە.

بە پێی دوایین زانیاریەکان پارێزگای کرماشان رێژەی تووشبوانی لە هەڵکشاندایە بە شێوەیەک کە ئەرکی گواستنەوەی ترۆمبێلی تایبەت بە تووشبوانی ڤایرۆسی کرۆنا بۆ چوا هێندە رووی لە هەڵکشان کردوە.

بە پێی دوایین زانیاریەکان بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیە؛ پارێزگای ورمێ: لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا تا ئێستا ٢۹۱۹ تووشبوو تۆمار کراون کە لەم رێژەیە ۱٦۹ کەس گیانیان لە دەست داوە.

پارێزگای کرماشان؛ لە رۆژانی رابردوو دا ٦٤ تووشبووی نوێ تۆمار کراون و رێژەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کرۆنا گەیشتە ۱۴۹۱ کەس و لەم رێژەیە ۷٨ کەس گیانیان لەدەست داوە.

پارێزگای سنە: رێژەی تووشبوان گەیشتە ١٤١٥ کەس و لەم رێژەیە تا ئێستا ١٢٤ کەس گیانیان لەدەست داوە. پارێزگای لۆڕستان: لە پارێزگای لۆڕستان لە یەک رۆژی رابردوودا ٥٧ تووشبوو تۆمار کراوە و هەروەها لەسەر رێژەی تەواوی تووشبوان لەم پارێزگایە ۱۹۳۶ کەسە و ژمارەی ئەو کەسانەی بەبۆنەی ئەو ڤایرووسەوە گیانیان لە دەست داوە ۱۲۷ کەس تۆمار کراوە.

خۆراسانی باکوور؛ بە پێی دوایین زانیاریەکان لەم پارێزگایە رێژەی تووشبوان بۆ ٩٨٠ کەس هەڵکشاوە و لەم رێژەیە ٨٣ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ئەم ئامارانە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات رێژەی تووشبوان و کوژراوانی دانیشتوانی جوگرافیای سیاسی لە چاوی میدیاکانی جیهان بشارێتەوەو دۆخەی وڵاتەکەی ئاسایی لەقەڵەم بات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان