رۆژگەلی کرۆنایی و کاول کردنی ژینگە لەلایەن کەسانی بەرژەوەندی خوازەوە

KMMK:

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی کرۆنا و ململانێی مرۆڤ لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە کوشەندەیە، سرووشت و دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە قوربانی دەستی هەنێ کەس و لایەنی بەرژەوەندی خواز و وێرانکردنیان خێراییەکی زۆر بە خۆوە دەبینێت و ژینگەی کوردستان لە کۆتا هەناسەکانی دایە.
بە پێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵەوە و هاوکات لەگەڵ کەرەنتینە و بێکاری هەنێ کەسی بەرژەوەندی خواز هەوڵی قەڵاچۆکردنی سرووشت و بڕینەوەی دارستانەکانی ( سییەکانی زاگرۆس ) رۆژهەڵاتی کوردستانیان دەست پێکردووە.
بە سەرچاوەی رێخراوی سەوزی چیا: لە دەڤەری مەریوان و دارستانەکانی سێف خواروو، سێف ژووروو، شەڕکە، گاگل، رەشەدێ، نێ، ولەژێر، گوێزەکوێرە، ریخەڵان، دەرزیان، گومارەڵەنگ و…. لە لایەن تاقمێ بەرژەوەندی خوازەوە هەوڵی بڕینەوەی دارستانەکان دراوە ئەم دارستانگەلە رووبەڕووی قەڵاچۆ بوون بوونەتەوە.
جێگای ئاماژەیە: بە بیانووی کەرەنتینە، تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی دارستانەکان و ژینگەپارێزی حکوومەتەوە هیچ هەوڵێک بۆ رووبەڕوو بوونەوەو سزادانی ئەوکەسانەی دارستانەکان وێران دەکەن و دارەکان دەبڕنەوە نەدراوە.
لەلایەکی ترەوە و بە پێی راپۆرتەکان: لە دەڤەرەکانی: بانە، سەقز، سەردەشت و پیرانشاریش هاواری ژینگە پارێزان هەمبەر بە بڕینەوە و قەڵاچۆ کردنی دارستانەکان لە لایەن تاقمێک بازەرگانی ژینگەوە بەرز بووەتەوەو داوایان لە کاربەدەستانە حکوومەت کردووە بەربەم ماڵوێرانیێەی ژینگە بگرن بەڵام هیچ ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە.
شایانی باسە: هەر لەم بارەوە راپۆرتێک هاتووە کە زەلکاوەکانی زرێباری مەرێوانیش سووتێنراوە و بەم بۆنەیەوە هێلانەو کولانەی زۆرێک لە پەلەوەرە کۆچەر و خۆجێییەکان و سەدان گیانداری ئەم ژینگەیە سووتاوە.
کومەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای ئیدانەکردنی دەسدرێژی کردن بە ژینگەی کوردستان، لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا داوادەکات هاوکات لەگەڵ پاراستنی ژینگە و سرووشتی کوردستان کە سەرمایەی گشتین، هەوڵ بدەن تاڵانچیەکان و بازرگانەکانی دارستان و ژینگە لەقاو بدەن و بۆ رای گشتیان دەرخەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان