هێزە ئەمنییەکان; چەند کەس لە هێرشبەرانی سەر عەدنان ڕەشیدی دەسبەسەر کراون

KMMK:

دووشەممە ۲۶ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بنەماڵەی عەدنان ڕەشیدی یان ڕاگەیاند کە چەند کەس لە هێرشبەران دەسبەسەر کراون.

هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە؛ کە توانیویانە لە نێزیک سلێمانی هێرشبەران لە کاتێکدا لە هەڵهاتندا بوون دەسبەسەر و ڕادەستی ناوەندی قەزای بکەن.
شیاوی باسە کە ئەم دامەزراوەی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو بەڵگانەی کە هێرشبەران لە عەدنان ڕەشیدی ئەندامی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڕفێنن دەستیان بەسەردا گرتووە و ڕادەستی دامەزراوەی قەزایی کراوە.
ناوەندە ئەمینیەکان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی داخرانی سنوورەکان هێرشبەران نەیان توانیووە هەڵبێن و خۆیان بگەیەننەوە ئێران بەڵام نەزانراوە ئاخۆ توانیویانە لەو بەڵگە و دیکۆمێنتانە کۆپی بگرن یان نا.

سەرۆک پولیسی سلێمانییە بەڕێز شێخ ئاسۆ و سەرۆک پولیسی پێنجوێن بەڕێز عەقید حەکیم ڕایان گەیاندووە کە هەموو هەوڵی خۆیان تا ئەنجامی کۆتایی ئەم دۆسیە وەگەڕ دەخەن.

بە گوێرەی هەواڵەکە هێرشبەران لە کاتی دەسبەسەری هەوڵیان داوە کە ئامانجی هێرشەکەیان گرێ بدەن بە پرسی کۆمەڵایەتییەوە و لە پرسی سیاسی بیترازێنن کە ئەمەیش پلانی دەستنیشان کراوی کۆماری ئیسلامی یە بۆ شکاندنی شکۆی کەسایەتی عدنان ڕەشیدی.
بەڵام بەڵگە و دیکۆمێنتەکان و دەربڕینەکانی عەدنان ڕەشیدی و بنەماڵەکەی وای کردووە کە ئەم هەوڵە نامرۆڤانەیە سەرنەکەوێ و پولیس وهێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەهەندی سیاسی بابەتەکە لەبەرچاو بگرن.

جێی بیرهێنانەوەیە کە چوارشەممە ۲۱ی ڕەشەممە چەندد کەسی دەمامکدار و نەناسراو هەڵیان کوتایە سەر ماڵی عەدنان ڕەشیدی، دەسپێک هاوژین و منداڵە بچکۆلەکەی بە بارمتە دەگرن و پاشان

دەگەڕێنەوە ئەو ماڵەی کە عەدنان ڕەشیدی تێدایە و هێرش دەکەنەوە سەری و دەیدەنە بەر لێدان و کوتەک.
هاوژین و منداڵە بچکۆلەکەی ئەم چالاکە مافی مرۆییە کە وەکوو بارمتە ڕفاندبوویانن و پاش لێدان و کوتەکی گرانی بەڕێز ڕەشیدی و دەستڕاگەیشتن بەو زانیاریانەی کە دەیانهەویست، ئەوانیش ئازاد دەکەن.
ئەو کەسانە هەڕەشە لە بەڕێز ڕەشیدی دەکەن کە لە پێوەندی لەگەڵ بارمتە گرتن، کوتەک و لێدان و ئەو هەڕەشانەی کردوویانە بێدەنگ بێت و هیچ نەدرکێنێ.

عەدنان ڕەشیدی لە چالاکانی ناسراوی بواری مافی مرۆڤ و لە ئەندامانی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە، ناوبراو چەنددین ساڵ لە ئێران بە هۆکاری چالاکییە مەدەنییەکانی لە زیندان بووە، لە باشووری کوردستان دەسبەسەر و مەترسی دیپۆڕتی بۆ ئێران لەسەر بووە. چەنددین جار حکوومەتی ئێران هەوڵی تیرۆری ناوبراوی داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان