کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکاری تەشەنە و بڵاوبوونەوە و ئاماری زۆری مردنە لەڕێی کوڕۆناوە

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری سەرەکی مردنی هەرە زۆری تووشبوان بە ڤایرۆسی کوڕۆنا دەزانێ. ئەم حکومەتە لانیکەم سێ حەوتوو بەر لە هەڵبژاردنەکانی ڕێبەندان ئاگاداری هاتنی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە بوو، بەڵام بە بەرپەرچدانەوەی ئەم مژارە گرنگە و فریوودانی خەڵک بواری بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی ڕەخساند.
بێدەنگی بەرپرسانی حکومەتی ئێران بە بەراوەرد زۆر مەترسیدار و کوشندەتر لە ڤایرۆسی کوڕۆنا بووە، گەر حکومەتی ئێران لە دەسپێکی تووشبوونی خەڵک، زانیاری تەواو و ڕێک و پێکیان بدایەت بە خەڵک، میکانیزمەکانی خۆپاراستن و ڕێگریان گەڵاڵە بکردایە، بێ گومان ئاماری مردن بە خێرایی ئێستە نەدەبوو و کەسانێکی کەمتریش تووش دەبوون.لەهەمووی خراپتر ئەوەیە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دوایی تووشبوونی شاری قوم ئامادە نەبووم ئەو شارە کەرەنتینە بکات و ڕێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیرۆسە بۆ شارەکانی تر.
هەنووکە بەشی هەرە زۆری شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە بوون و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کەمترین ڕێکاری بەرگری بە جێ گەیاندووە.
بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە چەشناوچەشنانەی کەلە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بڵاو دەبنەوە،لانیکەم ۹۰۰ کەس گیانیان لە دەست داوە و چەندد هەزار کەسیش تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون.
حکومەتی ئێران هیچ چەشنە پێداویستییەکی نەخستۆتە خزمەت ناوندت پزیشکی و دەرمانییەکان و نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمی کەرەستەی پێویست دەستەو داوێنن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات کە بۆ خۆیان و بە شێوازێکی هاوئاهەنگ و جڤاکی سەرپەرشتی تایبەتی پاراستنی و ڕێگری لەم ڤایرۆسە بکەن و لە ماڵەوە بمێننەوە و لە ئامادە بوون لە ناوشار، شوێنی کار، قوتابخانە و …دووری بگرن.
شیاوی باسە کە لە ئەگەر پاراستنی و بە جێ گەیاندنی بابەتە بێهداشتی و تەندرووستییەکان و کۆنتڕۆڵی زۆرتر دەتوانرێ ڕێگری بکرێ لە بڵاوبوونەوەی زیاتر ئەم ڤایرۆسە.لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە خۆیان یان کەسانی تر سەردانی دوکتۆر بکەن و بە شێوەی هەرەوەزی و خۆبەخشانە خۆیان کەرەنتینە بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان