تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران برینداربوونی کاسبکارێکی پیرانشاری لێکەوتەوە

KMMK:

دوشەممە ۱۹ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەلە بنکەی دووئابی پیرانشار جێگیر کراون تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێک کرد و لە ئەنجامدا ئەو کاسبکارە بریندار کراوە.
مەولوود بێ شیر خەڵکی گوندی کۆلیج سەر بە پیرانشار شۆفیری ئەو ماشێنەیە کە کراوە بە ئامانجی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران و بە گرانی بریندار بووە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کەوتوون ناوبراو بۆ جارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندی دەرمانی شاری پیرانشار گوازراوەتەوە.

هێزە چەکداری و سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژانە کاسبکاران و کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنە ئامانجی ڕاستەوخۆی چەکەکانیان و تا ئێستە دەیان کەسیان کوشتووە و ڕێژەیەکی بەرچاویشیان بریندار کردووە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۲۳ کاسبکار و کۆڵبەر بریندار بوون، بە هەژماری ئەم ڕووداوەوە، ڕێژەی بریندار بووان بە ۲۴ کەس گەیشتووە.
شیاوی باسە کە پێنج کۆڵبەریش بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدار و سنوور پارێزەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان