هەڵبژاردنی ڕواڵەتی و ساختەی حکومەتی توتالیتێری ئێران بایکۆت دەکەین

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هەڵبژاردن لە حکومەتی توتالیتێر و سەرکوتگەری ئێران بە هەڵبژاردنێکی ساختە و لە چوارچێوەی پتەو و بەهێز کردنی سەرکوت، توتالیتاریزم و فاشیزمی نەتەوەیی ــ ئاینیی دەزانێ و هەڵبژاردن لەو سیستەمە و بەشداری کردن لەو هەڵبژاردنە بایکۆت دەکات.
هەڵبژاردن یەک لە بنەما سەرەکییەکانی مافی ئازادی هەڵبژاردن بووە و مافی دەنگ بە واتای بەشداری و کاریگەری خەڵک لە دەسەڵاتدارییەتی، دیاری کردنی چارەنووس وگرنگترین بنەمای دێمۆکڕاسییە، لە سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکام لەم بنەمایانە لە پێوەندی لە گەڵ بێچم و شێوازی هەڵبژاردن ناپارێزێ و تەنیا بووە بە فۆڕمۆلێک بۆ پتەوتر کردنی دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئێران.

خەڵک سالاری، مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردراو بوون، بنەچەی هاوسانی، هەڵبژاردنی ئاشکرا و ڕوون، بەشداری حیزب و ڕەوتە سیاسییەکان، سەروەری یاسا و …لەو بنەمایانەن کە پێویستیێەکانی بوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕاستەقینە دەستەبەر دەکات.
ئەو بنەمایانەی کە بە هیچ لەونێک لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دانیان پێدا نەنراوە و نەپارێزراون و تەنانەت بە گەڵاڵە کردنی میکانیزمگەلێکی گوشاری زیاتر وەکوو شۆرای نیگابان، مەجلیسی خوبرەگان و دیکەی دامەزراوە گرێدراوەکانی حکومەت، هەموو مافەکانی خەڵکیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان لێ زەوت کردوون.

ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان زیاتر ڕاکێشانی خەڵکە بۆسەر سندووقەکانی دەنگ بۆ وەچنگ خستنی ڕەوایەتی سیاسی سیستەمی سەرکۆتگەری ویلایەتی فەقێیە.
دیاری کردنی کەسانی سەربە خۆیان(گزینش) و بێبەری کردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک لە بەشداری کردنی هەڵبژاردنەکان، دان پێدانەنان بە مافی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئازادانە، قەدەغەکردنی چالاکی حیزبەکان و دامەزراوە سیاسییەکان، دەسبەسەری، زیندانی کردنی درێژخایەن و ئێعدامی چالاکانی سیاسی وپێشێل کردنی ڕۆژانەی مافی بنەڕەی و یاسایی خەڵک ئەو مژارانەن کە کۆمەڵگاکانی ئێران و کوردستان ڕۆژانە لەگەڵی ڕووبەڕوو بوونەتەوە و لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو ئەزموونیان کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەم بڕوایەدایە، لە سیستەمێک دا کە مافی سەرەتایی خەڵک پێشێل دەکرێ و بە سەرکوت و پۆلیسی کردنی کەشی کۆمەڵگا، لەهەوڵی سەپاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی دژە مرۆیی خۆیدایە، هەڵبژاردن بێ واتاترین وشەیەکە دەتوانی دەکاری بگری و بەجێی ئەوە دەتوانی لەسیسەەمی دیاری کردنی قەیووم (انتصاب)ی حکوومی بە مەبەستی قایم کردنی پێگە و وەچنگ خستنی ڕەوایەتی سیاسی بە هەڵفریوانی خەڵک ناو لێ ببەی.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵاتداری سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشداری لە هەڵبژاردنی وەکوو بەشداری لە سەرکوت و کوشتوبڕی خەڵک دەنرخێنێ وبە هەموو خەڵکی کۆمەڵگای کوردستان ڕادەگەیەنێ بە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنی ساختە و بەشداری نەکردن تێدا بواری کەوتنی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە بێتە ئاراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان