ناوەندی هاوبیری چالاکانی مەدەنی یارسان سەبارەت بە دەستبەسەرکراوان راگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە

KMMK:

رۆژی دووشەممە ۲۳ــی بەفرانباری ۲۷۱۹ کوردی، ناوەندی هاوبیری چالاکانی مەدەنی یارسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێدوانێک دا ناڕەزایی خۆی سەبارەت بە دەستبەسەرییەکان راگەیاند، هەروەها له هەمبەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، دەسگا پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەرکۆنە کرد.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دەقی لێدوانەکەی ئەو رێخراوە مەدەنییە وەک خۆی بڵاو دەکاتەوە:

سەرەتا و کۆتا یار

بە سەرنجدانی رووداوەکانی ئەم چەند مانگەی پێش کە بوو بەهۆی کوژران، دەستبەسەری و برینداربوونی رێژەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان، و هاوکات کاربەدەستان بە درۆ و شاردنەوەی راستیەکان لە میدیا حکوومیەکاندا، بوون بە هۆی سەرهەڵدانی رق و نەفرەت و بێ باوەڕی لە نێو جمگەکانی کۆمەڵگادا و هەروەها بە هۆی خوێندکار بوونی هەژمارێکی زۆر لە کوژراوانی ئەو فڕۆکەیەی وا تەقێندرایەوە و بلیمەت بوونی ئەو قوربانیانە، رۆژی ۲۲ بەفرانبار، خوێندکارانی زانکۆی رازی کرماشان ــ وەک زۆربەی زانکۆکانی ئێران ــ هەوڵی رێکخستنی کۆڕی وەبیرهێنانەوە کوژراوانی ئەو رووداوە دڵتەزێنەیان دا.
بەداخەوە ئەو کۆڕە کەوتە ژێر چەپۆکی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەم نێوانەدا ” سیاوەش حەیاتی ” وتەبێژی ناوەندی هاوبیری چالاکانی مەدەنی یارسان دەستبەسەر کرا.
ناوبراو خوێندکاری ۶۱ ساڵە و بلیمەتی بەشی زانستی سیاسی زانکۆی رازییە کە پێشتر بەهۆی هەڵنەبژاردنی ئایینی ئیسلام و باواڕمەند بوون بە ئایینی یاری، بەرگری نامەکەی لە ئاستی ماستەردا لێ وەرنەگیرابوو و هەروەها لەو ئاسانکارییانەی بە خوێندکارانی ئاستی دوکتورا دەدرێت بێبەش کرابوو.
بنەماڵەی ناوبرا رایانگەیاند؛ لەو دیدارەی شەوی رابردوو لە شوێنی مانەوەی حەیاتی لە ناوەندی پولیسی ئەمنی ئێران لە کرماشان هەیانبووە، بۆیان دەرکەوتووە قۆڵبەست کردنی ناوبراو لە ژێر گوشار و لێدان و ئەتک کردندا بووە و جێگای شین و بۆر بوونەوە لەسەر جەستەی ناوبراو دەرکەوتووە،هەروەها ناوبراو لە ساتەکانی دەسپێکی قوڵبەست کردنیەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
سەرجەم ئەم رووداوانە، بونەتە هۆی دڵگرانی قوڵ بۆ ناوەندی هاوبیری چالاکانی مەدەنی یارسان و هەموو هەڵسووڕاوان و لێکۆڵەرانی بوارەکانی مافی مرۆڤ. بۆیە لە کاربەدەستان داواکارن سەبارەت بەم بابەتە بە ریاڵیتەو هەستیارییەکی زۆرەوە هەڵسووکەوت کەن و ئەوەش بزانن چیدی ترساندن و تۆقاندن و… نابێتە هۆی بێدەنگی کۆمەڵگا.
کۆمەڵگای یارسان، بەدرێژایی چل ساڵ هەڵاواردن و مافخوراوی و پێشێل کارییەکانی سیستماتیکی مافەکانیان و سەرکوت کردنیان بە هۆی باوەڕی جیاوازەوە زۆرتر لە گەلانیتر قوربانی سیاسەتی ناکارامەی حکوومەتی ئێران بوون.
بە دڵنیایەوە چالاکانی ئەم کۆمەڵگا لە هەمبەر ئەو کوشت و بڕینە بێدەنگ نابن. بۆیە پێویستە کاربەدستانی حکومی رێگایەکی نەرمتر و کەم تێچووتر هەمبەر بەم گەلە و گەلانیتری ئێران هەڵبژێرن.
ناوەندی هاوبیری چالاکانی مەدەنی یارسان، لەم قۆناخەدا قۆڵبەستکردنی هاوڵاتیان بەتایبەت دەستبەسەرکردنی سیاوەش حەیاتی بە توندی ئیدانە دەکات و هوشداری دەداتە کاربەدەستانی حکومەت، بەرپرسە لە پاراستنی گیان و تەندرووستی هەموو دەستبەسەرکراوەکان و پێویستە هەڵسووکەوتی دژبەرانە هەمبەر گەلان راگرێت و بە زووترین کات هەموو دەستبەسەرکراوان ئازاد کات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان