دیپۆڕتی عادڵ بەهرامی و ۳۲ پەنابەری دیکە بۆ ئێران

KMMK:

پێنج‌شەممە ۵ ی بەفرانباری ۲۷۱۹ کوردی، عادڵ بەهرامی پەنابەری سیاسی کورد هاوڕێ لە گەڵ ۳۲ پەنابەری دیکە لە لایان حکوومەتی تورکیاوە دیپۆڕتی ئێران کرانەوە.

بە پێی راپۆرتەکە، عادڵ بەهرامی لە دایک بووی ساڵی ۱۹۹۵ زایینی، پەنابەری سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەی چەند ساڵێک ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لە ڕێکەوتی ۶ خەرمانانی ۲۷۱٨ کوردی دەچێتە وڵاتی تورکیا و لە شاری ئەنکەرە داوای پەنابەری لە کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران دەکات و شاری ئاماسیا بۆ شوێنی مانەوەی عادڵ بەهرامی دیاری دەکرێت.

دوای تێپەڕینی چەن مانگێگ بەسەر مانەوەی ناوبراو لەو شارە، بە پێی پێڕانەگەیشتن و پێنەدانی هیچ ناسنامەیەک لەو وڵاتە، ناوبراو هەوڵی چوونە دەر لە وڵاتی تورکیا دەدات کە لە فڕۆکەخانەی شاری ئانتالیا دەسبەسەر و تا ڕێکەوتی ۴ بەفرانباری ۲۷۱٨ کوردی لە زیندان ڕادەگیرێت.

ناوبراو دوای ئەم ڕووداوە چەن جار دەنێردرێتە دادگا و لەوێ تێدەکۆشێ بارودۆخی مەترسیداری خۆی لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئێران ڕوون بکاتەوە، بەڵام بەڵگەکانی لە لایان دادگای تورکیا پەسەند ناکرێ و دوای تێپەڕکردنی پڕۆسەی دادگایی لە ڕۆژی ۲٨ سەرماوەزی ئەم ساڵ لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفوونی لە گەڵ ناسیاوێکی، خەبەری دیپۆڕت کردنەوەی خۆی سەڕڕاست دەکاتەوە. لە کۆتاییدا ناوبراو لە گەڵ ۳۲ پەنابەری دیکە ڕەوانەی ئێران کرانەوە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان