لە مەریوان و جوانرۆ ۹ هاووڵاتی دەستبەسەر کران

KMMK:

یەکشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ۲۷۱۹ی کوردی، دوو هاووڵاتی بە ناوی سۆران ڕاوەند خەڵکی مەریوان و دانیال رەحمانی کوڕی ئەحمەد خەڵکی دەرزیان‌ سەر بە شاری مەریوان بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتیەکانی ئەو دواییەی رۆژھەڵاتی کوردستان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرانەوە.

سۆران ڕاوەندی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە و هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی دەستبەسەر کرانی بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، باقی فەتاحی خەڵکی بانە، لە مەریوان دەسبەسەر و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەری کوردپا، ناوەندی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە جوانڕۆ، ٦ هاووڵاتی دیکەی خەڵکی جوانڕۆیان بە ناوی “مەسعوود تاهیری، ئاروین ڕەزایی نژاد، ئارام سەعیدیان، ئارمان سەعیدیان، کەماڵ زاهیری و یاسر هیدایەتی”، دەبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزتوون.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا ۳۲۱ کەس لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون کە بە هەژمار کردنی ئەو ۹ کەسە رێژەی گیراوان دەگاتە ۳۳۰ کەس.
جێی ئاماژەیە کە کۆمەڵێک کەسی تر لەو دواییانە لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون کە هێشتا رێژە و ناسنامەیان نەزانراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

تلگرام
@KMMKKURDISTAN
پەیوەندی/ارتباط
@KMMKKURDISTANADMIN