ورمێ/ لە بەرزترین ئاستەوە نكۆڵی لە فرەرەنگی پارێزگاكە دەكرێت

KMMK:
سەرۆكی ئەنجومەنی شار و سەرۆكی شارەوانی ورمێ بە بێ لەبەرچاوگرتنی فرەرەنگی پارێزگاكە بە پێداگریەوە لە كۆبوونەوەیەكی فەرمیدا بە توركی ئازەری قسەدەكەن، ئەمەش لە كاتێكدا كە لەو كۆبوونەوەیە ژمارەیەكی بەرچاو لە هاوڵاتیانی كورد و نەتەوەكانی تر ئامادەبوون.
لە رێورەسمێكدا لە شاری ورمێ كە بە بۆنەی رۆژی هەواڵنێرانەوە رێكخرابوو، هەر یەك لە محەمەد رەزا عەلیزادە ئیمامزادە، سەرۆكی ئەنجومەنی شارەكە و محەمەد حەزرەت پوور سەرۆكی شارەوانی ورمێ بە زمانی توركی قسەیان بۆ ئامادەبووان كرد.
قسەكردنی ئەو دووبەرپرسەی شارەكە لە كۆبوونەوەیەكی رەسمی كە ژمارەیەك لە دانیشتوان لە نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی تر بوون، بووە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی محەمەد خالید حاتەمی وتەبێژی ئەنجومەنی شاری ورمێ كە كوردە .
ناوبراو داوای كرد لە كۆبوونەووەیەكی لەو جۆرەدا وەك رێزگرتن لە ئامادەبوان بە زمانێك قسە بكرێت كە هەمووان تێبگەن، بەڵام داواكاریەكەی لە لایەن سەرۆكی شارەوانیەوە بە پاساوی ئەوەی ناتوانێت بە فارسی بەباشی بدوێت رەتكرایەوە.
هاوكات بە توانجەوە بەو ئەندامە كوردەی ئەنجومەنی شاری ورمێ راگەیەنرا، كە ناچار نییە لە كۆبوونەوەیەكدا بێت كە لە زمانی قسەكەرەكان تێناگات و ئەویش كۆبوونەوەكەی جێهێشت.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان یەك لەو پارێزگایانەیە كە فرە پێكهاتەیە، چ لە رووی نەتەوەیی و چ لە رووی ئایینیەوە و سەرباری ئەوەی كورد زۆرینەیە، بەڵام پۆستە هەستیار و سەرەكیەكان بە نەتەوەی تورك كەوتوون و زۆرجار نكۆڵی لە ناسنامە كورد و نەتەوەكانی تری ئەو پارێزگایە دەكرێت.
لە رۆژانی رابردوودا 10 قوتابی خەڵكی شاری شنۆ كە بۆ قۆناغی كۆتایی یاریە نەریتیەكان سەركەوتبوون، لە لایەن بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای ورمێوە ناچار كرابوون لە بری جلوبەرگی كوردی بە جل و بەرگی ئازەریەوە بەشداری لەو یاریەدا بكەن.

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان