مەهاباد/ دوورخستنەوەی بەڕێوەبەر و ئەگەری پووچەڵ کردنەوەی ئیجازەی مەکتەبێک لەبەر هەڵپەڕکێی قوتابیان

KMMK:

رۆژی سێ شەمە ۷ جۆزەردانی ۲۷۱۹ لەدوای بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆی هەڵپەڕکێی رەشبەڵەکی قوتابیان و مامۆستاکانیان لە مەکتەبێک لە شاری مەهاباد، بەڕێوەبەری مەکتەبەکە لە کار دوور خرایەوە و هەروەها بەرپرسی گشتی دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ فەرمانی بە دوواداچوون و سازکردنی کەیسێک سەبارەت بەم ڤیدیۆیە دەرکرد.

گەڕووسی بەرپرسی گشتی دادگای حکوومەتی ئێران لە ورمێ فەرمانی دایە داواکاری گشتی و دادگای ئنقلابی حکوومەت لە مەهاباد؛ بە هۆی خەوش تێ کەوتنی رای گشتی دەبێت بۆ ئەم رووداوە کەیسێک سازکرێت و تاوانبارەکانی سزا بدرێن.

حەیدەری داواکاری گشتی دادگای ئێران لە مەهابادیش کەیسەکەی بەرەولای لێپێسراوی گشتی حکوومەت لە مەهاباد جوڵاند؛ بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری مەکتەبەکە لە کارەکەی دوور خرایەوە هەروەها هەڵسەنگاندنی دۆخی ئیجازەی مەکتەبەکە بەڕێ کرا بۆ پەروەردەی حکوومەت لە مەهاباد.

لە راپۆرتی لێپرسراوی گشتی دا هاتووە؛ بەڕێوبەری مەکتەبەکە لەکار دوورخرایەوە هاوکات بۆ چۆنیەتی دابینکردنی ئەو مامۆستایانەش وا بەشداری هەڵپەڕکێکە بوون بە دوواداچوونی دووبارە دەکرێتەوە هەروەها ئیجازەی مەکتەبە ئەهلیەکە دەنێردرێتە پەروەردەی حکوومەت لە مەهاباد بۆ هەڵسەنگاندنی دووبارە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان