بەرهەمی سیاسەتی چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران: دو شار لە رۆژھەڵاتی کوردستان بن ئاو کەوتن

KMMK:
بە هۆی بەردەوامی باران بارین لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لافاو هاتووە و زەرەر و زیانێکی زۆری لە خەڵک داوە و بەهۆی لافاوەوە دوو شار لەپارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەواوەتیی ژێرئاو کەوتن و هاوڵاتیان دەرفەتی خۆڕزگارکردنیان نەماوە.

پۆلدۆختەر و مەعمولان، ئەو دوو شارەی لوڕستانن، هەموو خانووە یەک نهۆمییەکان ژێر ئاو کەوتوون، ئەو کەسانەی خانووی دوو نهۆمییان هەیە، بۆ خۆپاراستن لە خنکان چوونەتە نهۆمەکانی سەرەوە و بەشێکی دیکەش ڕوویان کردووەتە شاخ و بەرزاییەکانی دەوروبەری شار.
هەروەها پەیوەندیی تەلەفۆنی نۆرماڵ و مۆبایل بە تەواوەتی پچڕاوە و هێڵەکانی ئینتەرنێتیش بڕاون، ئاو، کارەبا و گازی شارەکەش بڕاوە و هەموو ڕێگا زەمینییەکان بۆ ئەم دوو شارە داخراون.
نعمەتوڵا دەستیاری، قائیمقامی پۆڵدۆختەر دوێنێ ڕایگەیاندبوو؛ تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزرا خانوو لە ناو شار ژێرئاو بوون و ١٥ گوندیش لە گەمارۆی لافاو دان.
لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخ نائاساییە و تا ئێستا دوو هەزار و ١٩٩ شەقامی نێوان گوندەکان داڕووخاوە و هاتووچۆیان لێوە ناکرێت، بە سەدان گوند لە گەمارۆی لافاون و بە دەیان گوندیش چۆڵکراون، فەرمانی چۆڵکردن بۆ دەیان گوندی دیکەش دراوە، بەڵام حکومەت و دەزگا دەوڵەتییەکان کەمتەرخەمن لە ئاستی کارەساتەکە و بە هانای خەڵکەوە ناچن.
کاربەدەستانی دەوڵەت، بە هاوڵاتیانیان ڕاگەیاندووە، کە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و داخرانی ڕێگاکان، ئیمکانی هیچ چەشنە بەهاناوەچوونێکیان نییە و پێویستە هاوڵاتیان ماڵەکانیان چۆڵکەن و خۆیان ڕزگار کەن.
لە چەندین ساڵی ڕابردوودا حکومەتی ئێران بێ پلان و تەنیا بۆ قازانجی مادی لایەنی حکومەتی وەک سپا، بەردەوام خەریکی لەناوبردنی ژینگەی کوردستان بووە، ئەوە هاوکاتە لە گەڵ لێدانی بەنداوی زۆر کە هیچکامیان ستاندارد نین و بوونەتەوە هۆی ڕوداوی کارەسات باری لەو چەشنە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان