دەسبەسەری هاووڵاتییانی کورد و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە نوورئاوای لوڕستان

KMMK:

ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕەشەمەی ۱۳۹۷ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیان کوتایە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ئیوەت‎وەند لە نێزیکی نوورئاوا سەر بە لوڕستان و ڕێگریان کرد لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە و چەندین کەسیان دەسبەسەر کرد.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باوڕپێکراو: لەم هێرشەدا هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران تاقمێک لە ئامادە بوانیان دەسبەسەر کردووە. ناوی تا ئێستە ناوی دوو کەس لە دەسبەسەر کراوان عەلی ڕەزایی و یوسف کاکەوەند زانراوە.

سەرچاوەکە لە درێژەدا دەڵێ: بڕیار وابوو ئەم ڕێوڕەسمە کاتژمێری ۲ی دوانیوەڕۆ بەڕێوە بچێ. بەڵام پێش دەسپێکردنی ڕێوڕەسمەکە هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر شوێنەکە و دەستیان دایە دەسبەسەری هاوڵاتیان.

شاری نوورئاوا ناوەندی شاری دڵفان لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای لوڕستانە. خەڵکی کوردی ئەم بەشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زمان کوردی لەکی دەئاخفێن.

شیاوی بیرهێنانەوەیە: لە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستە مۆڵەتی ڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن قائیمقامەتییەکانەوە دەر نەکراوە. لەهەمبەر بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە دەیان چالاکی مەدەنی کورد لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان