نوێترین ئاماری گیانبەختکراوان وبێسەروشوێنبووانی ئێزدییەکان بە دەستى داعش

KMMK :

بەرێوبەرایەتی گشتى کاروباری ئێزیدیەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ئامارێکى سەبارەت بە ژمارەی ئێزیدیەکان لە باشوری کوردستان و ووردەکاری ئاوارە و گیانبەختکراوان بە دەستى چەکدارانی داعش بڵاوکردەوە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، ژمارەى ئێزدییەکان لە باشوری کوردستان لە پێش هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان بریتییبووە لە ٥٥٠ هەزار کەس و لە دوای هێرشەکەى داعش زیاتر لە ٣٦٠ هەزار ئێزیدی ئاوارەبوون و ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە.

هەر لە سەرەتای هێرشەکەى داعشدا زیاتر لە یەک هەزار و ٢٩٣ ئێزیدی گیانیان بەخت کردوە و زیاتر لە دوو هەزار و ٧٤٥ منداڵیش بێ باوک و دایک بوون.

هەر بە پێی ئەم ئامارە تا ئێستا زیاتر لە ٧١ گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون دۆزراونەتەوە و زیاتر لە ٦٨ مەزاری پیرۆزی ئێزیدییەکانیش تەقێندراونەتەوە.

هەروەها چەکدارانی داعش زیاتر لە شەش هەزار و ٤١٧ کەسییان لە ئێزیدییەکان ڕفاندووە کە سێ هەزار و ٥٤٨ یان کچ و ژن بوون و دوو هەزار و ٨٦٩ یان پیاوبوون.
لە دوای هێرشەکانی داعش توانراوە نزیکەى سێ هەزار و ٣٧١ ئێزدی لە دەستى چەکدارانی داعش ڕزگار بکرێن کە یەک هەزار و ١٦٥ کەسیان ژن و کچ بوون و بەو پێیە تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار ئێزیدی بێسەروشوێنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان