خۆکوژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان /شەش کەس کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێــنا

KMMK: ڕۆژی هەینی چواری خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی ژنێکی تەمەن چل ساڵ بە خۆهاویشتنی لە قاتی چواری بینای کەیهان لەشاری پیرانشار کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دووی خەزەڵوەر ژنێک تەمەن مامناوەند، خەڵکی گوندی نگڵ ودانیشتووی گەڕەکی تەپە مووسکی مەریوان بەناونیشانی «فاتمە قادری» ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا وکۆتایی بەژیانی هێنا.

دووی خەزەڵوەر لەشاری سەقز ژنێکی گەنج بەناونیشانی «شیما دەستان» خێزاندار و خاوەنی منداڵێکی بچووک لەڕێی خۆهەڵواسین کۆتایی بەژیانی هێنا.

لەلایەکی ترەوە ۲۸ی ڕەزبەر کچێکی ۱۶ ساڵەی خەڵکی سنە لەڕێی خۆهاویشتنە خوار لە پردی شەلمانی ئەم شارە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

۲۷ی ڕەزبەر کچێکی مێرمنداڵی ۱۶ ساڵ تەمەن، خەڵکی ناوچەی شاهۆ سەربە ڕوانسەر لەپارێزگای کرماشان بەناونیشانی «شوعلە سوبحانی» ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا وکۆتایی بەژیانی هێنا.

هەروەها ژنێکی خێزاندار بەناونیشانی «ڕەزیە ڕووبینا» خەڵکی مەریوان ٢٣ی ڕەزبەر لەڕێی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

کێشە وململانێی بنەماڵەیی، کێشەی ئابووری و یاسای دژە ژن و کۆمەڵگای پیاوسالار لە بەرچاوترین هۆکارەکانی خۆکوژی ژنانە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەم حاڵەوە کۆماری ئیسلامی ئێران و یاسا داسەپاوەکانی، لە گرنگترین هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم چەشنە ڕووداوە نەخوازراوانەیە لە کۆمەڵگای کوردستان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان