زانیار مورادی: تێکۆشانتان چڕتر کەن بۆ خولقاندنی جێهانێکی باشتر/ شایەتنامە

زانیار و لوقمان مورادی دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەرواری ۱۱ی گەلاوێژی ۱۳۸۸ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی شاری مەریوانەوە دەست بەسەر کران، یەکی بەفرانباری ۱۳٨۹ لە بەشی ۱۵ی دادگەی شۆڕشی تاران بەتۆمەتی شەڕ لە دژی ئیسلام بە شێوەی ئەندامبون لە حزبێکی دژبەری کوردستانی و کوشتنی کوڕی بەرنوێژی هەینی شاری مەریوان و دوو کەسی دیکە بە سێدارە لە شوێنی گشتی تاوانبار کران، ئەم سزایە لە شوێنێکی نادیار لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ هەتاوی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە جێبەجێ کرا.


ئێقباڵی مورادی بابی زانیارمورادی و لە ئەندامانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ٥٤ رۆژ پێش لە سێدارەدانی زانیار و لوقمان(٢٦پووشپەری١٣٩٧ی هەتاوی) لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە شاری پێنجوێنی باشوری کوردستان تێرۆر کرا.


ئەم شایەدنامەیە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لایەن بەندکراوی سیاسی پێشوو هادی ئەمینی بە زمانی کوردی تەسویر و ئامادە کراوە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم وت و وێژەی کردووەتە نوسراو و بڵاوی دەکاتەوە.


پرسیار(هادی ئەمینی): بەرێز کاک زانیار ئەتوانیت خۆت بناسێنیت،کەی، لە کوێ و بۆچی دەستگیر کراویت؟

وڵام (زانیار مورادی): سەرەتا سڵاوێکی تایبەتم هەیە بۆهەموو خەڵکی کوردستان،بۆهەموو دایکانی شەهیدان بەتایبەت دایە سەڵتەنە دایکی شەهید فەرزاد کەمانگەر، من زانیار مورادی لەشاری مەریوان لە ساڵی ۱۳٦۹ هەتاوی هاتمە دونیاوە و  ئێستا تەمەنم بیست ویەک ساڵە،ماوەی سێ ساڵ دەبێت لەزیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانم.

پ: ئێوە کەی و لەکوێ دەستگیر کران؟ دوای دەستگیر کردن، ئێوەیان بۆ کوێ گواستەوە؟

و: بەڵێ من  لەبەرواری ۱۳٨٨/٥/۱۱ لەشاری مەریوان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیەوە دەستگیرکرام و لەدوای دەست گیرکردنم دوای بیست وچوار کاتژمێر گوازرامەوە بۆ وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە.

پ: لێپرسینەوەکان لەوەزارەتی ئیتڵاعاتی سنە چۆن بوو؟چۆن دەستی پێکرد؟

و: سەرەتا لەبارەی باوکم پرسیاریان دەکرد چوون باوکم یەکێکە لەوکەسانەی کە دژی زووڵم زۆری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە.
دەیان پرسی کە باوکت چ کارێک دەکات؟ لەگەڵ کێ کاردەکات؟ کاتێک بۆیان دەرکەوت کەمن هیچ ئاگادارییەکم لەکارەکانی باوکم نیە داوایان لێکردم کە هاوکارییان بم لەترۆر کردنی باوکم.

کۆماری ئیسلامی لەساڵی ۱۳٨۷ دا هەوڵی تیرۆری باوکمیان دا، بەداخەوە نۆ گوللە بەرجەستەی کەوت،کەخۆشبەختانە باوکم ڕزگاری بوو، ئەوان دەیانویست لەڕێگەی منەوە باوکم ترۆر بکەن بەڵام من هەرگیز بەو هاوکارییە رازی نەبووم بۆیە ئێستا سزای سێدارەم بەسەردا سەپێنراوە.

پ: بۆچی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دەدا باوکت ترۆر بکەن؟

و: باوکم ئیقباڵ مورادی یەکێک لەئەندامانی حیزبی کۆمەڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و دژی دەسەڵات و زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوەو داوای مافی گەلەکەی ئەکات، بە هۆی ئەوەوە بەردەوام لەهەوڵی ترۆر کردنی ئەودان.

پ: کاک زانیار لەدوای ئەوەی کە تۆ هاوکاریی ئەوانت رەت کردەوە هەڵوێستی وەزارەتی ئیتلاعات چۆن بوو لەگەڵت؟ باسی لێپرسینەوەو ئەشکەنجەکانمان بۆبکەیت سپاس

و: لەدوای پرسیار لەکار و چالاکی باوکم و هاوکاری نەکردنم، دوای چەند ڕۆژ هاتن و ئەم جارە باسی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوانیان کرد، پرسیاریان کرد کە ئێوە نازانن کێ ئەوانی کوشتووە؟ لەگەڵ ئەوەی کەدەیانزانی ئێمەهیچ پەیوەندییەکمان بەوکارەوەنیە بەڵام دەیان گووت : ئێستە ئابڕووی کۆماری ئیسلامی لە مەترسیدایە و بنەماڵەی ئیمام جومعە لەچەند شارێکی وەک سیستان وبلوجستان وشارەکانی دیکە وتارییان داوە و گوتویانە کە کوشتنی کوڕەکەیان کاری وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. و دەیانگوت ئێمە ئەبێت چەند تۆمەتبارێك هەبێت بەخەڵکی بناسێنین و ڕایگەیێنین بە ڕای گشتی. کە  بزانن کاری ئێمە نەبووە و کاری کەسانی دیکە بووە.
ئەوان کاتێک بۆیان دەرکەوت کەمن هیچ هاوکارییەکیان ناکەم لەترۆری باوکمدا بۆیە دەیان گووت کە یان هاوکار دەبیت لەترۆری باوکت یان کوشتنی کوری ئیمام جومعە لەئەستۆ دەگریت،لەڕاستیدا قەبووڵ کردنی ئەومەسەلە بۆمن زۆر سەخت بوو چونکە ئەوکات من تەمەنم لەنێوان هەژدە بۆ نۆزدە ساڵ دەبوو تەجروبەیەکی وەهام نەبوو کەلەو فریوانەی وەزارەتی ئیتلاعات ئێران لەسنە تێبگەم.

پ: شێوازی ئەشکەنجەیان چۆن بوو؟ ئایا بە ئەشکەنجە وایان لەئێوەکرد کە ڕازی بن و ئەو تاوانە قەبووڵ بکەن؟

و: سەرەتا منیان بەسەر تەختێکەوە بەستەوەو بەسیمی کێبڵ تەواوی جەستەم، هەر لەسەرمەوە تا نوکی پێم لێیاندەدا و ڕەش و مۆریان کردەوە، هەتا نۆمانگ نەمدەتوانی بەباشی لەسەر پێیەکانم بڕۆم.
کە زانیان ئێمە قەبووڵی ناکەین وئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەوکارەوە نەبوو و ئەوان دژی ئێمە نەبوون تا بەهۆیەوە کارێکی وەهامان کردبێت دواتر ئەشکەنجەیان گۆڕی و وتیان دەستدرێژی جنسی دەکەینە سەرتان و لە جیاتی کۆرسی بۆ دانیشتن، شیشەی ساردییان دانابوو و دەبوو لەسەری دابنیشین و بە زۆر ئەو کارەیان پێکردین، دەیان گووت کە ئەمە دوایین ئەشکەنجەتانە و ئەگەر ئەوقسانەی ئێمەدەیکەین قەبوڵی نەکەن ئەوا دەست درێژی سێکسی دەکینە سەرتان، ئەوان بەهەموو جۆرێک  ئەشکەنجەیەکیان دەداین،دەیان گووت بوون و نەبوونی تۆمان بۆگرنگ نیە چوون کوڕی ئیقباڵیت ناهێڵین لەم زیندانە بچیتەدەرەوە.

پ: بە هۆی ئەوەی کە باوکت چالاکێکی سیاسی بوو  ئەبێت بێدەنگی بکەن و دەست لەکاری خۆی بەربدات تۆیان دەستبەسەر کردبوو وەک تۆڵەسەندنەوەیەک تۆ گیرایت؟

و: بەڵێ لەلایەک چوون ئیمام جومعە کوشتنی کوڕەکەی خستبووە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی ئەو تاوانە لەملی خۆیان داماڵن بەزۆری ئەشکەنجە وایان لێدەکردین تا ڕازی بین بەوتاوانە، لەلایەکی دیکەشەوە دەیانویست باوکم بێدەنگ بکەن بەرامبەر کۆماری ئیسلامی، ئەوسزای سێدارەش هەر بۆ تۆڵە کردنەوە بوو لەباوکم.
لەهەردوو وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە و سازمانی ئیتلاعاتی سپا لە بەندیخانەی ئڤین لەتاران ڕاستەوخۆ پێیان ووتم کە ئەمە یارییەکی سیاسییە چۆن باوکت بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە ئاواش دەبێت چاوەڕێی ئەوەبێت کوڕەکەی ئەم شێوەی بەسەر بێت.

پ: ئێوە لەتاران لێپرسینەوەتان لێکرا؟

و: بەڵێ ئێمە لەتاران لەبەندی دووئەلف بووین لەوێ  لێپرسینەوەیان لێکردین ئێمە لە کاتی لێپرسینەوەکان لە ئیتلاعاتی سپای تاران پێیان گوتین کە بێ تاوانین و هیچ بەڵگەیەک نیە کەبیسەلمێنێت ئێمە ئەوکارەمان کردبێت تاکەسێک بڕوا بەوە بهێنێت.  ئێمە(زانیار و لوقمان ) گوتمان ئەگەرئێوە بەڵگەیەک بهێنن کە ئێمە کارێکی وامان کردووە، ئەوا ئێمەش هەمووشتێ قەبوڵ دەکەین.

بەڵام لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا  ئێمەیان ناچار کرد کە دان بنێین بەوتاوانەی کەتەنانەت ڕۆحیشمان ئاگاداری نەبوو.

پ: لەئیتلاعاتی سپای تاران لەدووئەلف لەئڤیندا دووبارە ئەشکەنجە کرانەوە؟

و: نەخێر ئیتلاعاتی دووئەلف هەڵسووکەوتێکی باشیان لەگەڵ کردین لەگەڵ ئەوەی ئێمە ووتبوومان کە وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە بەو شێوەییە ئەشکەنجەی داوین بەڵام هەڵسوکەوتیان باش بوو لەکاتی لێپرسینەوەکاندا.

پ: کەی سزای سێدارەتان بەسەردا سەپێنرا؟ کەی دادگایی کران؟

و: بەڵێ ئێمە لەبەرواری ۱۳٨۹/۱۰/۱ لەدادگای ئینقلابی تاران بەسەرپەرشتی دادوەر سەڵەواتی دادگایی کراین، لە پێش دادگاییەکە وەزارەتی ئیتلاعات ئێمەیان گواستەوە بۆ ئیتلاعات وماوەی هەژدە بۆ نۆزدە ڕۆژ لە  ژووری تاکە کەسیدا ماینەو،  پێیان گوتین کە ئێمە بە نیازین دادگاییەکەتان جێبەجێ بکەین، بەهیچ شێوەیەک هیچ ووشەیەک لەدەمتان نایەتەدەر، ئەگەر بێت و قسەیەک بکەن پەروەندەتان لەژێر دەستی خۆماندایە ئەتوانین بتانگێرینەوە بۆ شوێنی یەکەمجار،  ئەم جارە ئازاری بنەماڵەکەشتان دەکەین، تاک بەتاکی بنەماڵەکەتان لە ناودەبەین ئێمە بەڕاستی ئەو ئەشکەنجەی کە دەیان کردین باوەڕمان بەوەکردبوو کەچ دڕندەیەکن وچ کارێکی ناشیرینیان لەدەست دێت.
لەدوای ئەوەش ئیتلاعات، ئیمام جومعەیان(پێشنوێژی هەینی شاری مەریوان) هێنا بۆلامان، وەک بڵێی کە ئیمام جومعە هیچ ئاگادارییەکی نیە و لە گەڵ ئیتلاعات ڕێک نەکەوتووە.
دەیگووت بەئێمە: کە من کێشەم نیە و رەزایەت ئەدەم(لێتان خۆش ئەبم) و ئێوەش وەک کوڕی منن، ئێمەش بەهۆی منداڵی و کەمتەمەنی بێ ئەزمونیمان، لەترسی ئەوەی کە نەگەرێینەوە بۆ ئەو ئەشکەنجە دڕندانە و لەترسی گیانی بنەماڵەکانمان، تاوانەکەمان قەبوول کرد.
من وەک خۆم ئامادەم هەزار گیانم بێت هەر رۆژێک گیانێکم لێبسێنن بەڵام خوێن لەپەنجەی یەک تاکی بنەماڵەم نەیەت. بۆیە ڕازی بووم لە دادگا ئەو تاوان وقسانەی ئەوان خستبوویانە پاڵ ئێمە قەبوڵی بکەین.
ئێمە چاوەرێی ئەوەبووین کە لە دادگاییەکەدا ئیمام جومعە بڵێت کە من لێیان خۆش دەبم وەک ئەوەی کە بە ئێمەی وتبوو و ئەو بەڵێنەی کە بە بنەماڵەی لوقمانی دابوو و هەروەها لە نوێژی هەێنیدا لەوتارێکدا ووتبووی کەمن ڕەزایەت دەدەم، بەڵام بەپێچەوانەوە کە هاتە دادگا ووتی کە ئەمانە تیرۆرستن ودەبێت لەسێدارە بدرێن. ئەوکاتە ئێمە هەستمان بەوەکرد کەچیمان لێ بەسەر هاتووە.

دادگاییەکە بەسەرپەرشتی دادەور سەڵەواتی نزیکە بیست خولەکی خایاند، بە بڕوای ئێمە ئیمام جومعە دەستی بوو لە دروست بوونی ئەم سیناریۆیەی کە بۆ ئێمەیان دروست کردبوو.

پ: ئێوە لەکاتی دادگایدا پارێزەرتان هەبوو؟

و: من وەکوو خۆم پارێزەرم نەدی هەتا ڕۆژی دادگایی،وەڕۆژی دادگایی ودوای دادگاییەکە پارێزەرهات وەکالەتێکی بەمن ئیمزا کرد،من پارێزەرێک کەخۆم هەڵم بژاردبێت نەم بوو بەڵام لوقمان دوو ڕۆژ پێش داداگاییەکە پارێزەری دیبوو  لوقمان بەپارێزەرەکەی ووتبوو کەمن بێ تاوانم ئەو لەوەڵامدا وتبووی کە ڕۆژی دادگایی هەموو شتێ ڕوون دەبێتەوە،لوقمان ووتبوی کەمن ناتوانم یەک وشە بڵێم بە هۆی ئەو شتانەی کە ڕوی داوە وهەڕەشەو… نامەوێت قسەبکەم ،کاتی دادگایی پارێزەر ووتی کە ئەم پەروەندە نابێت تاوانی موحاربەی بێت چۆن ئەو کەسانەی کۆژراون سەر بە حکمەت نەبوون، بەڵکوو ئەبێت بەتاوانی کوشتن لەقەڵەم بدرێت. بەڵام بەداخەوە دادوەر سەڵەواتی ڕێگەی نەدا کە قسەبکات و پێی گووت کە بێدەنگ بێت، سزای سێدارە پێشتر لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات بەدادوەر ڕاگەیەندرابوو کەدەبێت سزای سێدارە بەسەرماندا بسەپێنێت.

پ: ئێوە لەگەڵ بەڕێز لوقمان لە بیست دەقەدا دادگای کران، چۆن لەم کاتە کەمەدا دوو کەس دادگایی دەکرێن و ئەو سزایەش بەسەریاندا دەسەپێت؟
و: دادوەر دۆسیەکەی هەر چاو لێنەکرد  و گوتی سزای سێدارەتان بۆ دەر دەکەم ئەویش سزای سێدارە لە پێش چاوی خەڵکی لە نێو شەقام، سەڵەواتی پێش دادگاییەکە پێی ووتین کە  ئێوە مفسد فی الارض و محاربن (کەسێک کەدژی خوا چەک هەڵدەگرێت) و دەبێت لە سێدارە  بدرێن.

پ: قسەی دوایتان چیە بۆ دادگا  یا خود بۆ ئیمام جومعە کە هاودەست بوو لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات؟

و: ئێمە(لوقمان و زانیار) لە زیندانەوە لە گەڵ خودی ئیمام جومعە (مەلا مستەفای شیرزادی) قسەمان کرد و پێمان ووت: ئەو کارە کاری ئێمە نەبووە مەسەلەی پەروەندەی ئێمە ئەوەها بووە و پێمان ووت کە تۆ فێڵت لێ کردین ، تۆهاودەست لە گەڵ وەزارەتی ئیتلاعات ئەوکارەت بەرامبەر ئێمە کردووە.

ئەمانەوێت پێت بڵێین کە ئەگەرئەتەوێت دووکەسی بێتاوان بکوژیت ئەوە دەبێت وەڵامی هەموو خەڵک بدەیتەوەو بۆ سەلماندنی بەڵگەت پێ بێت، من ناڵێم بێ بمبەخشە هەرگیز وا ناڵێم چوون من هیچ کارێکم نەکردووە تاوەکو تۆ یان سەرەوەی  تۆ(بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی) بمبەخشێت. ئەگەر ئەتەوێت دووکەسی بێتاوان بکوژی من لەمردن ترسم نییە چوون هەزارها گەنجی وەک من لەژێر زوڵم و زۆریی کۆماری ئیسلامی خوێنیان ڕژاوە. قەد کۆماری ئیسلامی بە لە سێدارەدانی من بە ئامانجی خۆی ناگات.

پ: ئایا کۆماری ئیسلامی ئەتوانێت بەسێدارە دانی تۆ باوکت بێدەنگ بکات؟ یان پێش بەو کەسانە بگرێت کەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین؟

و: نەخێر هیچ کات ناتوانێت بەڵکوو گەشەی  پێ ئەدرێت،  سێدارەدانی گەنجەکان بگرە شانازییەکیشە بۆمان ڕێز و جێگەی تایبەتی هەیە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، سێدارە و ئەشکەنجە و زیندانی هەتاهەتایی هیچ کات ناتوانێت خەڵکی کوردستان بێدەنگ بکات.

پ: کاک زانیار ئێوە کە بە سزای سێدارە سزا دراون داواتان چییە لەخەڵکی کورد؟ بانگەوازیتان چیە بۆ خەڵکی کوردستان وکۆمەڵگەی جیهانی؟

و: بانگەوازم بۆ خەڵکی کوردو کۆمەڵگای جیهانی ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە ئێران سزای سێدارە دان بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنن ولەسێدارەیان دەدەن، بەو هۆیەوە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن ودژایەتی دەسەڵات دەکەن ،کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی سێ دەهەیە هەر کەس داوای مافی خۆی بکات بەشێوازی جۆراو جۆر سەرکوتی دەکات وەبۆ ئەو سەرکوت کردنە هەموو جەنایەتێک دەکات بۆ نموونە: لەسێدارەیان دەدات  یان لەژێر ئەشکەنجەدا دەیان کوژن یان زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا دەسەپێنێت.

بۆ پەردەپۆش کردنی تاوانەکانی خۆی، بەتاوانی کەسێکە کە دژایەتی لەگەڵ خودا کردووە  پێناسەی چالاکوانان دەکات و لەسێدارەیان دەدات. کۆماری ئیسلامی دەڵێت هەرکەس لەگەڵ دەسەڵات دژایەتی بکات دژایەتی خودای کردووە.

من زانیار وەک لاوێکی بێتاوانی کورد وەک ئەو لاوانەی کە لە سێدارەدراون بەبێ تاوان، داوام لەخەڵکی کوردستان ئەوەیە کە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییەی کۆماری ئیسلامی سەردانەنەوێنن تاکو کۆماری ئیسلامی نەتوانێت ڕۆژ بەڕۆژ پەرە بە کارە قێزەونەکانی خۆی بدات.

پ: داواتان لەکۆمەڵگەی جیهانی چییە؟

و: داوام لەکۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوە مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەیە: تێبکۆشن بۆدنیایەکی باشتر بۆ ئەوەی جیهان لە زووڵم و زۆر ڕزگار بکەن و پێش بگرن بەو هەموو جەنایەتەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.

١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی سێ بەندکراوی کورد «لوقمان مورادی، ڕامین حسێن پەناهی و زانیار مورادی» لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان