دیاری کردنی حوکمی بڕینی دەستی زیندانییەک لە ورمێ

kmmk: زیندانییەکی بەندکراو لە زیندانی ناوەندی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ لەلایەن لقی یەکی دادگای سزاکانی یەک تایبەت بە منداڵ و مێرمنداڵان بەتۆمەتی دزی مەحکووم کراوە بە بڕینەوەی دەستی.

بەگوێرەی khrn: کەسرا کەرەمی” لەدایکبووی ۱۳۵۹،هەتاوی، کوڕی یەدوڵا و خەڵکی کرماشان لە ڕەزبەری ساڵی ۱۳۹۴ بەتۆمەتی دزی دەسبەسەر کرابوو بۆ جاری دویەم لەلایەن لقی یەکی دادگای سزای یەک لە ورمێ بەتۆمەتی دزی بە بڕینی دەستی مەحکووم کراوە.

ئەم زیندانییە لە ۲۱ی ڕەزبەری ۹۴ لە فولکەی بێهداری شاری ورمێ لەلایەن هێزەکانی (آگاهی) دەسبەسەر و بەتۆمەتی چەنددین جار دزی ئەشکەنجە و لێ پێچینەوەی لەسەر کرا. ڕێوڕەسمی دادگایی ئەم زیندانییە لە ۲٤ی ڕێبەندانی ساڵی ۹۵ بە ئامادەبوونی ۱۹ سکاڵاچی تایبەتی، لەلقی دیارکراوی ئەم زیندانییە  لە ورمێ بەڕێوە چووو و لەلایەن سێ دادوەری ئەم لقە بەناوەکانی عەلیڕەزا ئاقازادە، حەمزە عەلی ئەحمەدی و سەلمان نەجەفی بەتۆمەتی دزی بەبڕینی دەست مەحکووم کراوە.

پاش ناڕەزایی دەربڕینی پارێزەری ناوبراو بەو حوکمە دۆسیەکەی نێردراوە بۆ لقی ۲۷ی دیوانی باڵا و سێی جۆزەردانی ساڵی ۹۶ ئەم دادگایە بەهۆی داواکاری نەکردنی سکاڵاچیان بۆ دیاری کردنی حوکمێ بڕینی دەست، دۆسیەکە ناتەواو ڕاگەیەندرا و بۆ پێداچوونەوەی سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ لقی یەکی دادگای سزای یەک لە ورمێ.

ڕێوڕەسمی دادگایی کردنی ئەم زیندانییە جارێکی دیکە لە ۲۲ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ۹۶ ، ئەم دادگایە سەرلەنوێ حوکمی بڕینی دەستی ناوبراوی پەسەند کرد.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان