رێز دەگرین لە رۆژی دەی ئۆکتۆبەر رۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاری سزای سێدارە

رێز دەگرین لە رۆژی دەی ئۆکتۆبەر رۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاری سزای سێدارە
KMMK:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای رێز گرتن لە ۱۰ی ئۆکتۆبەر رۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاری سزای سێدارە خوازیاری راگرتنی سزای سێدارە لە هەمو بوارێکدایە.

لە ئۆکتۆبەری ۲۰۰۳وە کە ئەم رۆژە ناوزەد کراوە تا ئێستە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و تاک بە تاکی کۆمەڵگا دەیانتوانی بە تێکۆشان و هەوڵی گشتی و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خوازیاری وەستاندن و هەڵوەشاندنەوەی هەمەچەشنەی سزای سێدارە و ئیعدام ببن و بەم کردەوە نامرۆڤانەیە کۆتایی بهێنن.

ئەم سزایە، بۆ خۆی خاڵەکانی سێ و پێنجی جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات. ” مافی ژیان”، ” قەدەغەی هەمە چەشنەی ئەشکەنجە و یاخود هەڵسوکەوت یا تەمێکاریەک دژبە کەسایەتی مرۆڤانە یا خود دەست درێژی بۆ سەر مافی کەسێک بێت ” ئەو خاڵانەن کە بە درێژەی ئەم سزایانە، رۆژانە لە ژێر پێ دەنرێن.

سزای سێدارە لە ئێران، لە ساڵدا گیانی ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤەکان دەگرێت، لە تاوانگەلی گشتی، حکومەتی ئێران بە بەڕێوە بردنی ئەم یاسا دژە مرۆڤیە توندوتیژی بڵاو دەکاتەوەو پەرەی پێ دەدات.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە یاسایی ئەژمار کردنی سزای سێدارە وەک ئامێرێکی سەرکوت و چاوترسێن کردنی دژبەرانی سیاسی بەکار دێنێت.
کۆمەڵکوژیەکانی دەهەی ۶۰، لە سێدارەدانی خەباتکارانی کورد لە شەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی شۆڕشی کوردستان، لە سێدارەدانی چالاکانی کورد هەمو ئەو خاڵانەن کە حکومەتی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لەم یاسایە هەوڵی سەرکوتی کۆمەڵگا و کوژاندنەوەی دەنگی نەیارانی داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای بەرز راگرتن و رێزنان لە خەبات بۆ راگرتنی ئەم کردەوە، داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات، زەخت و زەبری خۆی بۆسەر ئێران قورستر بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ داوا لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات بۆ پێشگرتن بە ئەم جینایەتە، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی هەمە چەشنەی سزای سێدارە بن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان