دۆخی نەشیاوی پەنابەران لە وڵاتانی بوسنی،کرواتیا و سربستان

kmmk: هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەر دۆخی پەنابەران و پەناخوازانی ڕێگای هەندەران و بەتایبەت ڕێگەی ئوروپا لە زاری ژنێکی ٤۰ ساڵ تەمەن بە ناوی عەداڵەت محەمەدیانەوە راپۆرتێکی ئامادە کردووە کە بە شێوەیە دەست پێدەکات :

ماوەی ساڵێکە لە ئێران دەرکەوتووم، خۆم و کوڕێکی ۲۲ ساڵان و کچێکی ۱٥ ساڵان. لە دوای مەینەتیەکی زۆر و گەیشتن بە سربستان دوای ٨ مانگ مانەوە لەوێ ڕێگەی بوسنی و پاشان کرواتیمان گرتە بەر لە رێگادا پۆلیسی کرواتی دەستبەسەری کردین و هەرچیمان پێ بوو لە پارە و موبایل لە گیرفانمان دەریان هێنا و سنورداشتی وڵاتی بوسنیا کراینەوە. لەوێیشەوە بە هەزار مەینەت خێوەتێکی بچوکمان پێکەوە ناو لە نێو دووهەزار پەنابەری تردا کە من تاکە کەسم کە بنەماڵە و ژن و منداڵ بیت لە ناو دارستانێک لە پەنای گوندێکدا جێمان گرتووە، بەڵام پۆلیس ئەوەشی پێ ڕەوا نەبینین و هێرشیان کردە سەرمان و بەر باتۆم و شەق پەلاماریان دایین و کەسێک بە ناوی شاپوریان بە توندی بریندار کرد.

خاتو عەداڵەت موحەمەدیان لە درێژەی گێڕانەوەی بەسەرهات و مەینەتەکەیاندا دەڵێت؛ تەنانەت پارەی کڕینی نانی وشکیشمان پێ نەماوە و ڕێگەی ڕۆیشتن بۆ هەمولاێیکمان لێ بڕاوە و داواکارین لە ڕێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆڤیەکانی جیهانی زوومی کامێرا و هەواڵەکانیان بکەنە پەنا بەرانی سنورەکای ئوروپا و ئاوڕێکی مرۆڤ دۆستانە لەم پەنابەرانە بدرێتەوە کە بە هیوای ژیانێیکی باشتر ڕوویان لە بەهەشتە خەیاڵییەکەی ئوروپا کردوە.

شایانی باسە خاتو عەداڵەت خاوەنی کوڕێک بە ناوی “پویا خەیروڵاهی” ۲۲ ساڵ تەمەن و کچێکی ۱٥ ساڵان بە ناوی “زیلان”ە کە بۆ دابین کردنی ژیانێکی ئازاد ڕوویان لە هەندەران کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان