بانگهێشت و نانەوەی دۆسیە لەلایەن ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامیەکانەوە دژبە خوێندکارێکی کورد

kmmk: ڕۆژی یەک شەممە ۷ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، خوێندکاری کورد «کامبیز نەدیمی» بانگهێشتی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران کرا لە کامێران و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەسەرکرا وتاوانبار دەکرێ.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار:«کامبیز نەدیمی» لەلایەن ئەم دامەزراوە ئەمنییەتییەوە بە هاریکاری لەگەڵ دامەزراوە مافی مرۆییەکان، ناردنی ڕاپۆڕت بۆ ئەم ڕێخراوانە، ئەندامەتی لە کەمپەینی بەرگری لە زیندانی سیاسی کورد «ڕامین حسێن پەناهی» و کۆکردنەوەی واژۆ بۆڕێگری لە ئێعدامی ئەو زیندانییە، تاوانبار و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.»

سەرچاوەکە لەدرێژەدا دەڵێ: «کامبیز پاش دووکاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد ولەلایەن ئەو دامەزراوە ئەمنییەتیەوە پێی ڕاگەیەندراوە کەلە ماوەی ڕۆژانی داهاتوو سەرلەنوێ لەڕێی تلەفوونەوە بانگهێشت دەکرێ.»

کامبیز نەدیمی ۲۵ ساڵ تەمەن، خەڵکی شاری کامێران، کوڕی یاسەمەن سەبووری و ئەمین نەدیمی خوێندکاری کارناسی میکانیک لەزانکۆی ســنە یە.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێنانە ئارای گوشاربۆسەر خوێندکاران توێژی گەنج و کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی هێنانە ئارای ترس وتۆقاندن لە پانتای کۆمەڵگادایە و بە گەڵاڵەکردنی تۆمەتگەلی پڕوپووچ بۆ وێنە گرێدانی چالاکییە مەدەنییەکان بە هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، ئەندامەتی و لایەنگری لەحیزبە ئوپوزیسیۆنە کوردستانییەکان، لەهەوڵی ئەوەدایە کپ وبێدەنگی بسەپێنێ بەسەر کۆمەڵگادا.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان