ئێعدامی زیندانێیک بە تۆمەتی بازەرگانی بە مادەهۆشبەرەکان

KMMK: جەهانگیر نەوجەوان کوڕی ڕەسوڵ ڕۆژی پێنجشەمە ۴ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ لە ژوری ۱٥ی زیندانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ بۆ جێبەجێی سزاکەی ڕەوانەی ژوری تاکەکەسی و ئێعدام کرا.

جەهانگیر نەوجەوان  لە دانیشتووانی گوندی “بێ بەکران” سەربە ناوچەی سیلوانای ورمێ بوە کە سزای ئێعدامی ناوبراو لە لایەن دەستگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەهۆشبەرەکانەوە بە سەریدا سەپا بوو.

ماف نیوز ڕایگەیاندوە بەرپرسانی زیندان بنەماڵەی “جەهانگیر نەوجەوان” یان ئاگادار کردۆتەوە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان سەردانی زیندان بکەن.

ناوبراو چەندین ساڵە لە زیندا بوە و دوایین چاوپێکەوتنی لە گەڵ بنەماڵەکەی ڕۆژی پێنج شەمە ٤ی گەلاوێژ بوە.
ئێعدامی ئەو گەنجەی کورد لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا بەس کەسانێک ئێعدام دەکرێن کە کەسێکیان کوشتبێت و وەک (قصاص) و تۆڵە ئێعدام دەکرێن.

گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لە دوای هەندێ گۆڕانکاری کە لە یاسای ڕوبەروبونەوە لە گەڵ دیاردەی قاچاخی مادەهۆشبەرەکاندا کرا و مەجلسی ئێران بە زیادکردنی مادەێیک بە یاسای دژایەتی لە گەڵ مادەهۆشبەرەکاندا کە لە خەزەڵوەری ساڵی ٦۷دا دەرکرابوو، تاوانبارانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە بە لە بەرچاوگرتنی هەلومەرج بە زیندان کردن لە یەک ساڵەوە تا ۳۰ ساڵ و سزای ماڵی و دراوی گۆڕدرا.

بەڵام هەر بە پێی ئەو یاسایە ئەو گروپە لە تاوانباران کە لە چەکی گەرم و سارد لە کاتی ڕوبەڕوبونەوە لە گەڵ ڕێداران حکومییدا کەڵکیان وەرگرتبێ یان پێوەی بگیردرێن یا ڕێکخەر و سەرگروپی تاقم و دەستەێیک بن و پشتیبانی ماڵی و وەگەڕخستنی سامان بۆ بازرگانی و کەڵک وەرگرتن لە منداڵانیان کە تەمەنیان لە ژێر ۱٨ ساڵەوە بێت لە سەر ساق کرابێتەوە، بەبێ بڕانەوە ئێعدام و زیندانی هەتاهەتایی و زیاتر لە ۱٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا دەسەپێنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان