قەیرانی بڕانی کارەبا لە ئێران/ خەساری ئابووری و کێشەی بنەماڵەکان/ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی هاووڵاتیان

kmmk: سەرەڕای هەبوونی قەیرانگەلی چەشناوچەشن و گرفتی گوزەرانی ژیانی خەڵک وەکوو برسیەتی، بێکاری، قەیرانی ئاو و لە ناوچوونی بنەماکانی ئابووری لە ئـــێران و…، دیاردەی نوێی بڕینی کارەبایش کەڵەکەی قەیرانەکانی هەنووکەی ئێران بوو.

لەساڵانی ڕابردوو خەڵکی جوگرافیای ئێران بەتایبەت هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی قەیرانگەلێک بوون کە لێکەوتەی قەرەبوو هەڵنەگری لێکەوتۆتەوە، لەچەندد ساڵی ڕابردوو شایەتی دیاردەگەلی وەکوو لەکارتۆندا خەوتن، لەگۆڕادا نووستن، بێکاری گەنــجان، بێ ئاوی، قەیرانی ئابووری، ئازاردانی ژن وگەشەی هەژاری لەزۆربەی جوگرافیای سیاسی ئێران و بەڕۆژەڤبوونی کێشەی زێدەتر کە داوێنگیری خەڵک بووە بووین؛ بەڵام بڕانی هێڵی کارەبا یەکێکی دی لە کێشە نوێکانی ئەم جوگرافیایەیە.

بڕینی هێڵی کارەبا لەخۆیدا لە زۆرینەی ناوچەکانی جوگرافیای سیاسی ئێران کێشەی جۆراوجۆری بۆخەڵک پێک هێناوە، لە داخرانی یەکە پیشەییەکان و ئەو خەسارنەی بەخەڵک گەیشتوون تا بەرگەی گەرمای تاقەت پڕوکێنی نیوەڕۆ بەبێ هەبوونی کارەبا لە ماڵان و ئەوزیانەی کە کارەبا بەخوانی بەتاڵی بنەماڵەکان گەیاندوویەتی.

ئەو ڕاپۆڕتانەی بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانگەیشتوون باس لەوە دەکەن: بەهۆی بڕینی کارەبا و سەرهەڵدانی کێشەگەلی جۆراوجۆر، هاوڵاتیانی والێکردووە کەدەست بدەنە ناڕەزایەتی لە هەندێ لەشارەکانی وەکوو مەهاباد (بازاڕی ئەسغەری) و جوانڕۆ (بەرانبەر ئیدارەی کارەبای ئەوشارە) کەبەم گردبوونەوانە ناڕەزایەتیان بەرانبەر بەم دۆخە هەنووکەییە دەربڕیووە.

بڕینی کارەبا لە ئێران لە کاتێکدا کێشەی بۆ کۆمەڵگا ساز کردووە کە؛ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەساڵانە پشکێکی بەرین لە کارەبای بەرهەمهاتوو ی ئێران هەناردەی وڵاتانی دیکەی وەکوو عێراق دەکات بەشێوەی خۆڕایی وبێ بەرانبەر و بەڕێوەبەرایەتی گەندەڵیش لە چۆن بەکارهێنانی کارەبایش بۆخۆی پەڕوباڵی زێدەتری بەم قەیرانە داوە.

ئەو ڕاپۆڕتانەی کەباس لە خەسارەکانی بڕینی کارەبا لەسەر ئابووری و خوانی بەتاڵی بنەماڵەکان دایناوە بەم شێوەیە: لەناوچوونی هەزاران مریشک بەهۆی بڕینی بەدەوامی کارەباو لەکار کەوتنی سیستەمگەلی فێنک کەرەوە و هێنانی هەوای نوێ، کێشەی هاتووچۆ و لەکار کەوتنی چرای ڕێنوێنی و لێخۆڕین (ڕاهنمایی و رانندگی) تاریکی لەناو شارەکان، لەکار کەوتنی بەرهەمێنەرەکان بەهۆی زۆربوونی خەسارەکانی بڕینی کارەبا، خراووبوونی هەویری نانەوخانەکان لە زۆربەی شارەکان، تێکچوونی ماددەی خۆراکی بنەماڵەکان لە (یخچال)ەکان و … بەشێک لەوگرفتانەن کە بڕینی کارەبا بەرهەمی هێناون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان