دەسبەسەری ۵ کەس لە بەڕێوەبەرانس مێهرەجانی ” خوێندەوان” لە ئیلام

KMMK: شەوی پێنج شەممە ۱۴ی پووشپەڕ هێزە ئەمنییەکان و ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیان کوتایە سەر ماڵی چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی مێهرەجانی گەوەی ئەدەبی ” خوێندەوان” لەشاری کوهدەشت ودەستیان دایە دەسـبەسەری ئەو کەسانە.

بەگوێرەی هەواڵەکە بڕیار بوو ئەم مێهرەجانە ڕۆژی هەینی ۱۵ی پووشپەڕ لەدوو بەشی بەیانی وپاش نیوەڕۆ لەپێوەندی لەگەڵ شێعر و موزیک و زمانەوانی دانیشتوانی سەرەکی زاگرۆس لە ئیلام بەڕێوە بچێ.

هێزە ئیتلاعاتییەکان شەوی ڕابردوو هەڵیان کوتایە سەر ماڵی بەڕێزان “مستەفا باقری ئاشنا” خەڵکی ئەسەدئابادی هەمەدان، “ئەردەشیر موسەوی” خەڵکی کرماشان، “مێهدی ئازادبەخت” خەڵکی کوهدەشتی لوڕستان، ” بیژەن گراوەند” خەڵکی کرماشان و ” شەهریار تەهماسبی” کە لە بەرپرسان وبەڕێوەبەرانی ئەم مێهرەجانە بوون ،هێرش کرایە سەریان ودەسبەسەریان کردوون.

جێگەی باسە ئەم هێزانە بەبێ نواندنی مۆڵەت وئیزنی یاسایی،هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵیان و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە وپشکنین ودەسبەسەراگرتنی کەلوپەلە تایبەتییەکانیان وەکوو موبایل و لۆپ تۆپ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان