بەپێچەوانەی ئاگربەست بۆ سوریا، تورکیا درێژە بە هێرشەکانی دەدات

بەپێچەوانەی ئاگربەست بۆ سوریا، تورکیا درێژە بە هێرشەکانی دەدات

ک م م ک:چوار ڕۆژ لەمەوبەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و بڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ٣٠ ڕۆژە لە ناوخۆیی سووریای ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا ڕایگەیاند، ئەو ئاگربەستە ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون ناگرێتەوە کە بۆسەر عەفرین دەستیپێکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات پڕۆژەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاگربەست لە تەواوی سووریا بخوێنێتەوە.

هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی “داوا لە تورکیا دەکەم بگەڕێتەوە بۆ پڕۆژە بڕیارەکە و بیخوێنێتەوە کە هەموو ئەندامانی ئەنجومەن دەنگیان لەسەر داوە”. بۆیە پێویستە تورکیا بە زووترین کات هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین رابگرێت.

پڕۆژەبڕیارەکە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات لە سووریا بەبێ دواکەوتن شەڕ و پێکدادان بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ بووەستێنن لە پێناو گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە لێقەوماوانی ئەو وڵاتە.
ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتی تورکیا ڕۆژى سێشەممە هێزی تایبەتی لە هێزەکانی پۆلیس ڕەوانەی عەفرین کردووە، بەمەبەستی دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ بۆسەر شارەکە کە ماوەی ٥ هەفتەیە بەردەوامە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان